رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای میدیایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پلانیان هەیە خزمەتگوزارییەکی نوێ بفرۆشن کە "دەستگەیشتنی خێرا" بەو پۆستانەی سەرۆکی ئەمریکا دەیانکات و کار دەکەنە سەر بازاڕەکانی جیهان؛ ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ قازانجکردن لەو زانیارییانەی ترەمپ بڵاویان دەکاتەوە.
ئەم هەنگاوە بە کردەیی پۆستەکانی ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ دەکاتە سەرچاوەی داهات، کە تێیدا سەرۆکی ئەمریکا زۆرجار بڕیارە گرنگەکانی جیهان، لەوانەش جەنگی ئێران و پرسە ئابوورییەکانی لێوە رادەگەیێنێت.
کۆمپانیای میدیایی ترەمپ رایگەیاندووە، خزمەتگوزارییەکە ناوی تروس ئەی پی ئایە و رێگە بەو کۆمپانیا و کەسانە دەدات کە مۆڵەت وەردەگرن، بە شێوەیەکی راستەوخۆ و لە هەمان چرکەدا دەستیان بەو پۆستانە بگات کە لە هەژمارە کەسە باڵاکانی ناو تۆڕەکە بەتایبەت هەژماری ترەمپ بڵاو دەکرێنەوە.
بڕیارە ئەم خزمەتگوزارییە لە 1ی ئابی ئەم ساڵەوە دەستپێبکات. کێڤن مەکگورن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کاتیی کۆمپانیاکە رایگەیاند: "بازاڕەکان خۆیان لەسەر بنەمای پۆستەکانی تروس سۆشیاڵ دەجووڵێن."
ئەم خزمەتگوزارییە زیاتر بۆ بازرگانانی بۆرسە و ئاژانسە هەواڵییە داراییەکانە کە پێویستیان بەوەیە لە کەمتر لە چرکەیەکدا هەواڵەکەیان پێ بگات تاوەکو لە کڕین و فرۆشتنی پشکەکاندا سوودمەند بن.
قازانجکردن لە پۆستی سەرۆکایەتی
ئەم بڕیارە جارێکی دیکە پرسیاری ئەخلاقی و یاسایی لەبارەی بازرگانیکردن بە پۆستی سەرۆکایەتی لەلایەن ترەمپەوە دروست کردووەتەوە. ترەمپ دوای ئەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەرکرا، خۆی ئەم تۆڕەی دامەزراند و ئێستا وەک سەکۆی سەرەکیی بۆ راگەیاندنی هەواڵە بەپەلەکان بەکاری دەهێنێت.
بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی لە مانگی حوزەیرانی رابردوو بڵاوکراونەتەوە، ترەمپ تەنیا لە ساڵی رابردوودا لانیکەم 1.2 ملیار دۆلاری لە چالاکییەکانی خێزانەکەی لە بواری دراوە دیجیتاڵییەکاندا بەدەستهێناوە.
خزمەتگوزاریی ئەی پی پای سیستەمێکە رێگە دەدات دوو بەرنامەی کۆمپیوتەریی جیاواز پێکەوە پەیوەندی بکەن. لەم حاڵەتەدا، رێگە بە کۆمپانیاکان دەدات بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و زۆر خێرا چاودێریی پۆستەکانی ترەمپ بکەن بەبێ ئەوەی پێویست بکات کەسێک بە دەست سەیری مۆبایلەکەی بکات. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی وەک "ئێکس"یش خزمەتگوزاریی هاوشێوەیان هەیە.



