رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی چیلی رایگەیاند، شۆفێرێک لە فێستیڤاڵێکی سەر شەقامدا خۆی کردووە بەنێو خەڵکدا و لانیکەم شەش کەسی کوشتووە.
رۆژی یەکشەممە 12-07-2026 خۆرخێ گوایتا، بەرپرسێکی پۆلیسی ناوچەکە رایگەیاند، شۆفێرەکە لە کاتی فێستیڤاڵەکە لە شاری ڤینا دێل مار (Vina del Mar) کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەستداوە. گوتیشی، رووداوەکە حەوت برینداری دیکەی لێکەوتووەتەوە، بەڵام مەترسی لەسەر ژیانیان نییە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، شۆفێرەکە بە خێراییەکی زۆرەوە بەو رێگەیەدا رۆیشتووە کە دەکەوێتە تەنیشت شوێنی فێستیڤاڵەکەوە. ئەو بەرپرسەی پۆلیس ئەوەشی خستەڕوو، شۆفێرەکە دەستبەسەر کراوە و پشکنینی کحولی بۆ دەکرێت.
هێزی دەریایی چیلی رایگەیاند، شۆفێرەکە لە هێزەکەیان ئەفسەرە.
بەگوێرەی راپۆرتە سەرەتاییەکانی پۆلیس، دوای باران رێگەکە تەڕ بووە و شۆفێرەکەش کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە.
خۆسێ ئەنتۆنیۆ کاست، سەرۆکی چیلی لە ئێکس نووسی: "ئەو تراژیدیایە هەموو وڵاتەکەی تازیەبار کردووە. سەرەخۆشی لە خێزانی قوربانییەکان دەکەم."



