رووداو دیجیتاڵ
لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا تەقە بەنێو بەشداربووانی فێستیڤاڵێکدا کرا و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و چواری دیکەش بریندار بوون.
پۆلیسی تۆرۆنتۆ رایگەیاند، شەوی شەممە لە (کاژێر 08:12 بەکاتی ناوخۆ) و (03:12ی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە بەکاتی هەولێر)، لە فێستیڤاڵی(Salsa on St. Clair) کە گەورەترین فێستیڤاڵی کولتووری ئەمریکای لاتینە، تەقەکراوە. شەش کەس شوێنەواری گوللـە بە جەستەیانەوە بووە، دووانیان بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.
تاوەکو ئێستا پۆلیس هیچ کەسێکی لەسەر رووداوەکە دەستگیر نەکردووە. هێزە ئەمنییەکان بەدوای هێرشکارەکاندا دەگەڕێن و، داوا لە هاوڵاتییان دەکەن لە لەو شەقامە دوور بکەونەوە. ئەو ناوچەیە شوێنێکی قەرەباڵخە و پڕە لە چێشتخانە و فرۆشگا.
رووداوەکە لە کاتێکدا بووە کە خەڵک بۆ ئاهەنگ و سەما بەبۆنەی 22ـەمین ساڵیادی فێستیڤاڵی (سەڵسا) کۆببوونەوە.
پۆلیسی تۆرۆنتۆ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس داوای لە خەڵک کردووە: "دەستبەجێ" لەو ناوچەیە دوور بکەونەوە و پابەندی رێنوێنییەکان بن.
تاوەکو ئێستا ناسنامەی قوربانییەکان و هۆکاری هێرشەکە رانەگەیێندراوە، چوار بریندارەکەش بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە و چارەسەریان بۆ دەکرێت.


