رووداو دیجیتاڵ پۆلیسی نیویۆرک رایگەیاند، بەهۆی تەقەکردنی چەکدارێک لە ئاهەنگێکی گۆشت برژاندنی خێزانی بەبۆنەی ساڵیادی سەربەخۆیی ئەمریکاوە لە گەڕەکێکی برۆکلن لە شاری نیویۆرک، لانیکەم 8 کەس بریندار بوون کە چوار لەوان منداڵن. جێسیکا تیش، کۆمیسیاری پۆلیسی نیویۆرک (NYPD) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە کاتێکدا خێزانەکە لە حەوشەی ماڵێکی گەڕەکی کۆنی ئایلاند لە برۆکلن خەریکی ئاهەنگگێڕان بوون، پیاوێکی نەناسراو کە جلوبەرگی رەشی پۆشیبوو و دەمامکێکی رەشی بەستبوو، لە پەرژینی سەر شەقامی سێرف نزیکبووەوە و چەندین فیشەکی ئاراستەی ناو حەوشەکە کرد پێش ئەوەی رابکات. پۆلیسی نیویۆرک رایگەیاند، بریندارەکان چوار منداڵی نێر کە تەمەنیان 6، 7، 12 و 14 ساڵە؛ دوو ژنی تەمەن 21 و 25 ساڵ و دوو پیاوی تەمەن 33 و 37 ساڵن. پۆلیس ئاماژەی بەوەشکرد، ژنە تەمەن 21 ساڵەکە و پیاوە تەمەن 33 ساڵەکە هەردووکیان گوللـە بەر سنگیان کەوتووە، منداڵە تەمەن 6 ساڵەکە بەر سکی کەوتووە و سێ منداڵەکەی دیکەش بەر قاچ یان رانیان کەوتووە. ژنە تەمەن 21 ساڵەکە لە دۆخێکی دژواردایە، لە کاتێکدا حەوت بریندارەکەی دیکە تەندروستییان جێگیرە. زۆهران مامدانی، سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک لەمبارەیەوە رایگەیاند: "هیچ شوێنێک بۆ ئەم جۆرە تووندوتیژییە لە شارەکەماندا نییە. ئێمە لێی خۆش نابین و بە هەموو ئامرازێک کە لەبەردەستماندایە رووبەڕووی دەبینەوە." مامدانی بەردەوام بوو و گوتی: "هاوخەمی ئەو خێزانەین، با جارێکی دیکە پابەندبوونمان نوێ بکەینەوە بۆ بنیاتنانی شارێک کە تێیدا هەموو ئاهەنگگێڕانێک سەلامەت بێت و هەموو پشوویەک پڕ لە خۆشی بێت." تاوەکو ئێستا ناسنامەی بریندارەکان ئاشکرا نەکراوە و هیچ پاڵنەری پشت تەقەکردنەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام جێسیکا تیش ئاماژەی بەوە کرد، هیچ نیشانەیەک نییە بۆ بوونی دەمەقاڵێ یان کێشە و پێکدادان پێش رووداوەکە.