رووداو دیجیتاڵ دادگایەکی بەریتانیا سزای دوو ساڵ زیندانیی بەسەر هاووڵاتییەکی عێراقی دا سەپاند کە پێشتر لە ئەڵمانیا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە داعش سزا دراوە. ئەو تۆمەتبارە بە شێوەیەکی نایاسایی و لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە خۆی گەیاندبووە نێو خاکی بەریتانیا. بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "تێلیگراف"ـی بەریتانی، محەممەد یاسین کە تەمەنی 35 ساڵە، لە بەردەم دادگای (وینچێستەر کراون) دانی بەوە دا ناوە کە بەبێ مۆڵەت، هەوڵی چوونە ناو خاکی بەریتانیای داوە. یاسین لە دانپێدانانەکانی دا ئاشکرای کردووە، دوای ئەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تیکتۆک" چەندین ڤیدیۆی بینیوە کە تێیان دا وا نیشان دراوە "بەریتانیا وڵاتێکی میواندۆستە بۆ پەنابەران و رێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگرێت"، بڕیاری داوە روو لەو وڵاتە بکات. داواکاریی گشتی لە دادگا رایگەیاند، محەممەد پێشتر لە ئەڵمانیا سزای چوار ساڵ و سێ مانگ زیندانیی بەسەر دا سەپێنراوە بەهۆی ئەندامبوونی لە رێکخراوی داعش. هەرچەندە بۆ ماوەی 20 ساڵ گەڕانەوەی بۆ ئەڵمانیا لێ قەدەخە کرابوو، بەڵام دیپۆرتی عێراق نەکراوەتەوە و لەبری ئەوە بڕیاری داوە بچێتە بەریتانیا. لە 13ـی کانوونی یەکەمی رابردوو، محەممەد یاسین لەگەڵ 80 کۆچبەری دیکە لە فەرەنساوە و لە رێگەی دەریاوە گەیشتووەتە بەریتانیا. سەرەتا لە بنکەی کۆچبەران لە (کێنت)، خۆی وەک هاووڵاتییەکی کوەیتی ناساندووە و داوای مافی پەنابەریی کردووە، بەڵام دوای پشکنینی پەنجەمۆر، ناسنامە راستەقینەکەی ئاشکرا بووە و لە شەوی کریسمس دا لە هۆتێلێک لە ناوچەی (بازینگستۆک) دەستگیر کراوە. بەڵگەکانی دادگای ئەڵمانیا دەریان خستووە کە یاسین لە ساڵی 2014 لە عێراق چووەتە نێو داعش، چەکی کڵاشینکۆفی هەڵگرتووە و شایەتی چەندین کردەوەی توندوتیژی وەک لەسێدارەدان و جەڵدەکردنی خەڵک بووە لەلایەن ئەو رێکخراوەوە. بەهۆی ئەو رابردووەوە، داواکاریی گشتی ئەو تۆمەتبارەی لە خانەی ئەو کەسانە دا پۆلێن کردووە کە "مەترسیی زۆریان" لەسەر ئاسایش هەیە. لە کۆتایی دانیشتنەکە دا، دادوەر پارکەر سزای دوو ساڵ زیندانیی بەسەر دا سەپاند و رایگەیاند یاسین بە ویستی خۆی چووەتە نێو داعش و پشتیوانی لێ کردوون. پێشبینی دەکرێت دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکەی، محەممەد یاسین لەلایەن بەریتانیاوە دیپۆرتی عێراق بکرێتەوە.
جیهان03-07-2026نەتەوە یەکگرتووەکان: دیاردەی ئێل نینۆ بەهێز دەبێت و مەترسیی کەشوهەوای تووند زیاد دەکات