رووداو دیجیتاڵ
لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا، بەبۆنەی 250ـەمین ساڵیادی سەربەخۆیی وڵاتەکەوە، چەندین پەیکەری کاتی بۆ رێزگرتن لە سەربازانی ئاسایی بەشدار لە شەڕی شۆڕشی ئەمریکا دانراوە، کە جیاوازە لە پەیکەرەکانی دیکەی شارەکە کە زۆربەیان بۆ کەسایەتییە ناودارەکانن.
پەیکەرەکان لە گۆڕەپانێکدا دانراون کە تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە کۆشکی سپییەوە دوورە و بۆ ماوەی چەند مانگێک دەمێننەوە. ئەم کارە هونەرییە رێزگرتنە لەو سەربازانەی کە رۆڵی گرنگیان لە شەڕەکانی سەربەخۆیی ئەمریکادا گێڕاوە، بەڵام وەک فەرماندە و سەرکردەکان ناوبانگیان نییە.
ماتیۆ تەیلەر، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکەیە و بە رووداوی گوت: "یەکێک لە شتە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم گۆڕەپانە ئەوەیە کە ئەمریکا بەگشتی شتی گەورەی لەم جۆرە بۆ ئەو سەربازانەی فەرماندە نەبوون دروست ناکات. لێرە رێز لە کەسانی ئاسایی دەگیرێت. ئەمە شتێکی زۆر نوێیە و کارێکی نایاب دەبێت کاتێک خەڵک لە رۆژی سەربەخۆیی دێن و ئێرە دەبینن."
ئامادەکارییەکان بۆ یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا زیاتر لە ساڵێکە دەستیانپێکردووە و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بودجەیەکی نزیک بە 103 ملیۆن دۆلاری بۆ ئامادەکارییەکانی ئەو رۆژە تەرخانکردبوو.
سەرەڕای ئەوەی چەند رۆژێک بۆ یادی سەربەخۆیی ماوە، بەڵام لە ئێستاوە خەڵکێکی زۆر سەردانی گۆڕەپانەکە دەکەن و وێنەی یادگاری لەگەڵ پەیکەرەکان دەگرن.
ئانێت بلاک، مامۆستای هونەر، یەکێکە لە سەردانیکاران و دەڵێت:"زۆر دڵخۆشم بە رۆژی سەربەخۆیی. بە رێککەوت هاتین و بینیمان زۆر جوانن. کاتێک پەیکەرێک دروست دەکرێت، واتە ئەو کەسە گرنگە، بۆیە ویستم بزانم ئەو کەسە گرنگانە کێن."
کچەکەی ئانێت، ئاریێل بلاک، کە بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنە، باسی لەوە کرد کە حەزی لە بیستنی ئەو چیرۆکانەیە کە زۆر بایەخیان پێنەدراوە و گوتی: "پێموایە گرنگە کە بایەخ بەو کەسانەش دەدرێت. ئێمە لە ساوس کارۆلایناوە هاتووین و شوێنە مێژووییەکان بەسەر دەکەینەوە. دایکیشم لە ساڵی 1976 کە 200 ساڵەی سەربەخۆیی بوو، زانکۆی تەواو کردووە، بۆیە ئەمە رۆژێکی تایبەتە بۆ ئێمە".


.png&w=3840&q=75)
