رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی نیویۆرک رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە پیاوێک لەبەردەم بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەمریکا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
رۆژی هەینی 3ی تەممووزی 2026 بەکاتی هەولێر و رۆژی پێنجشەممە بە کاتی ئەمریکا، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی نیویۆرک رایگەیاند: "کاژێر 18:32ی ئێوارە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیمان پێگەیشت کە پیاوێک لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگری لە خۆی بەرداوە. دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی بێلڤیو، گیانی لەدەستدا."
پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە کە لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکار و پاڵنەری ئەو کارەی پیاوەکە دیار نییە.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" بڵاویکردووەتەوە کە ئەو پیاوە لە کاتی رووداوەکەدا ئاڵای "تبتییەکان"ی پێبووە. تاوەکو ئێستا ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ لێدوانێکی فەرمی لەبارەی رووداوەکەوە نەداوە.
میدیای ئەمریکی سەبارەت بە ناسنامەی کەسەکە دەڵێت ئەو کەسە ناوی لۆبگا رانگزنە و تەمەنی 52 ساڵە، شوفێری تاکسییە، نزیکەی 20 ساڵ لە ئەمریکا ژیاوە.
دەگوترێت ئەو کەسە وەک ناڕەزایەتییەک دژی "داگیرکاریی چین بۆ سەر تبت" و ئەو سنووردارکردنە نوێیانەی کە بەسەر خەڵکی تبتدا سەپێنراون، ئەو کارەی کردووە. بە تایبەتی نیگەران بووە لەوەی چین خەڵکی تبتی ناچار کردووە تەنیا بە زمانی چینی (ماندارین) بخوێنن و قسە بکەن و ئەدەبیاتی تبتییان لێ قەدەخە کراوە.
لۆبگا رانگزنە پێش ئەوەی ئاگر لە خۆی بەربدات، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک "لایڤ" بووە و رووداوەکەی گواستووەتەوە. ئاڵای تبتی لەنێو بەربەستێکی هاتووچۆدا چەقاندووە و کەلوپەلە تایبەتییەکانی لەسەر مۆنۆمێنتێکی نزیک شوێنەکە جێهێشتووە. دواتر ماددەیەکی سووتێنەری بەخۆیدا کردووە، دوای ئەوەی ئاگری لە خۆی بەرداوە، بۆ چەند چرکەیەک بە بێدەنگی و بێجووڵە راوەستاوە و پاشان کەوتووە.
لە نزیک شوێنی رووداوەکە چەندین نامیلکە دۆزراونەتەوە کە تێیدا سەرکۆنەی داگیرکارییەکانی چین لە تبت کراوە.
ئەو کەسە هاوسەرگیریی نەکردووە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زۆر چالاک بووە.


.png&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)