رووداو دیجیتاڵ
شارەزایانی پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان دەڵێت، رووسیا هەڵمەتێکی فراوانی بۆ بە ئامانجگرتنی بنکە ئەتۆمییەکان لە سەرتاسەری ئەورووپا رێکخستووە، کە تێیدا درۆنی لەسەر کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوتەوە هەڵداوە.
پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان کە بنکەکەی لە لەندەنە، لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای شیکردنەوەی 144 رووداو لە زیاتر لە 12 وڵات لە ماوەی ساڵێکدا، دەرکەوتووە دەزگا هەواڵگرییەکانی رووسیا هەڵمەتێکی چاودێرییان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، بەلجیکا و هۆڵەندا ئەنجامداوە.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی "تایمز"ـی بەریتانی، لە تشرینی دووەمی 2024دا، چەندین درۆن لەسەر ئاسمانی بنکە ئاسمانییەکانی (لیکنهێس)، (میڵدنهاڵ)، (فێرفۆرد) و (فێڵتوێڵ) لە بەریتانیا بیندراون. لەو کاتەدا چوار فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی لە جۆری B-52 لە بنکەی فێرفۆرد جێگیر کرابوون و لە بنکەی لیکنهێسیش کار بۆ دروستکردنی دامەزراوەی تایبەت بە چەکی ئەتۆمی دەکرا.
شارەزایان دەڵێن، کەشتیی بارهەڵگری (HAV Dolphin) کە تیمی رووسی لەسەر بووە، لەو کاتەدا لە نزیک شاری )هۆڵ( لە بەریتانیا لەنگەری گرتبوو؛ هەروەها کەشتیی نەوتهەڵگری (Season 1) کە سەر بە رووسیایە، لە دەریای باکوور لە نزیک ناوچەی (ئێسێکس) بیندراوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە "بە ئەگەری زۆرەوە" مۆسکۆ ئەم هەڵمەتەی لەنێوان ئابی 2024 تاوەکو شوباتی 2026 ئەنجامدابێت.
نووسەرانی راپۆرتەکە دەڵێن، سەرکەوتنی مۆسکۆ لەم کارانەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە "سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەورووپا بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە ئاسمانییە تەقلیدییەکان دروستکراوە نەک بۆ درۆن." ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە رووسیا کەشتییەکانی وەک بنکەیەک بۆ هەڵدان و وەرگرتنەوەی زانیاریی درۆنەکان بەکارهێناوە.

.jpg&w=3840&q=75)

