رووداو دیجیتاڵ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی سەربازیی باڵای بۆ 12 وڵاتی ناوچەکە لە بەحرێن کرد، تێیدا بۆ یەکەم جار فەرماندە سەربازییەکانی سووریا و لوبنان بەشدارییان لە کۆنفرانسێکی بەرگریی ژێر سەرپەرشتیی واشنتن کرد. رۆژی چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، دیالۆگێکی ئاسایشی هەرێمی بە میوانداریی هێزەکانی بەرگریی بەحرێن بەڕێوە چوو. لە کۆبوونەوەکە دا، ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم و بەرپرسانی باڵای سەربازی لە وڵاتانی بەحرێن، میسر، ئوردن، کوێت، لوبنان، عومان، قەتەر، سوودان، سووریا، ئیمارات و یەمەن بەشدار بوون. بەپێی راگەیێندراوەکە، بەشداربووان تاوتوێی ژینگەی ئاسایشی ئێستای ناوچەکە و دەرفەتەکانی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی بەرگرییان کرد. فەرماندە سەربازییەکان جەختیان لە پابەندیی هاوبەشی خۆیان کردەوە بۆ پاراستنی ئازادیی گەشتکردنی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز، کە وەک رێڕەوێکی ستراتیژیی وزە لە جیهان دا دەبینرێت. ئەدمیراڵ براد کووپەر گوتی: "ئەم گفتوگۆیانە جەختکردنەوە بوون لەسەر پابەندیی هاوبەشمان بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە. ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێستا گەورەترین و پێشکەوتووترین چەتری بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی لە جیهان دا بەڕێوە دەبەن." لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، سێنتکۆم و وڵاتانی ناوچەکە ژوورێکی نوێی هاوئاهەنگیی بەرگریی ئاسمانییان بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دامەزراند، کە ئامانجی ئاڵوگۆڕی زانیاری و هۆشداریدانە لەبارەی هەڕەشەکان و وەڵامدانەوەی هەر بارودۆخێکی کتوپڕ. ئەو کۆبوونەوەیە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە پەیوەندییە سەربازییەکانی ناوچەکە دەبینرێت، چونکە نەک تەنیا نەیارە مێژووییەکانی وەک سووریا لەگەڵ ئەمریکا کۆکردەوە، بەڵکو نیشانەیەکە بۆ دروستبوونی بەرەیەکی یەکگرتووی بەرگری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دوای یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران، بە ئامانجی پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکان و رێگری لە پەرەسەندنی ململانێیە چەکدارییەکان.
جیهان02-07-2026ئەمریکا و ئیسرائیل رێککەوتنی دروستکردنی باڵەخانەی باڵیۆزخانەی واشنتن-یان لە ئۆرشەلیم - قودس واژۆ کرد