رووداو دیجیتاڵ
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی لەو دانوستاندنانەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بەڕێوە دەچن "باڵادەستە" و پێیوایە ئیدارەی ترەمپ ئامانجی سەرەکیی خۆی بەرامبەر بە ئێران پێکاوە، بێ گوێدانە ئەوەی ئەنجامی گفتوگۆکانی دەوحە بە چ ئاراستەیەک دا دەڕۆن.
رۆژی چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت دا لەگەڵ فۆکس نیوز، ڤانس گوتی: "لە دانوستاندنەکان دا هەموو کارتەکان لە دەستی ئێمە دایە. بێگومان دەمانەوێت سەرکەوتوو بین، بەڵام تەنانەت ئەگەر سەرکەوتووش نەبین، ئێمە ئەرکە سەرەکییەکەمان پێکاوە، ئەویش دڵنیا بوونەوەیە لەوەی ئێرانییەکان هەرگیز نەبنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، دەرەنجامی گفتوگۆکان هەرچییەک بێت "بردنەوەیە بۆ گەلی ئەمریکا."
ڤانس روونی کردەوە، سەرکەوتنی دانوستاندنەکان بە واتای "گۆڕینی هەمیشەیی"ـی ئێران دێت؛ بە جۆرێک کە چیدی خەونی ئەتۆمیی نەمێنێت و کۆتایی بە پاڵپشتیی دارایی ئەو گرووپە بریکارانە بهێنێت کە ئاڵۆزییان لە ناوچەکە دا دروست کردووە.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "لەژێر ئەو مەرجانە دا، دەکرێت ئێران بۆ نێو ئابووریی جیهانی بانگهێشت بکرێتەوە، ئەمەش دەرەنجامێکی گەورە دەبێت بۆ ئەمریکا و هەموو ناوچەکە."
سەبارەت بە ئەگەری شکستهێنانی دانوستاندنەکان، ڤانس گوتی: "ئەگەر ئێرانییەکان نەیەنە ژێربار و ئەو سازشانە نەکەن کە ئێمە دەمانەوێت، ئەوا هێشتا بەرنامە ئەتۆمییەکەیان و سوپاکەیان لە ناو براون و ئەمریکا لە پێگەیەکی زۆر بەهێزتر دایە."
ئەو لێدوانانەی ڤانس لە کاتێکدایە کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و جارید کوشنەر، راوێژکار و زاوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەم هەفتەیە گەیشتوونەتە قەتەر بۆ گفتوگۆ لەگەڵ نێوەندگیرەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "هیچ کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتن لە رۆژانی داهاتوو دا دیاری نەکراوە."
پێشتر کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، ئێران داوای دەستپێکردنی گفتوگۆی کردووە، سەرۆکی ئەمریکاش چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە، ئارەزووی گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ دەکات لەگەڵ تاران.



