رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ستایشی پێشکەوتنی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتنی کرد و رایگەیاند، کۆبوونەوەکانی دەوحە "زۆر باش" بوون.
رۆژی چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێش ئەوەی بچێتە نێو فڕۆکە نوێیەکەی "ئێرفۆرس وەن" بۆ گەشتەکەی بەرەو ویلایەتی داکۆتای باکوور، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "پڕۆسەی داماڵینی چەکی ئەتۆمیی ئێران بە باشی دەڕوات. کۆبوونەوەی زۆر باشیان هەبووە، با بزانین چی دەبێت." گوتیشی: "ئێمە زۆر بە توندی لێمان دان، بەڵام ئێستا زۆر بە باشی لەگەڵ یەکدی دەگونجێین."
ئەو لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دیپلۆماتێکی ئاگادار لە گفتوگۆکان رایگەیاند، بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران رۆژی چوارشەممە، 01-07-2026، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی تەکنیکی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەسەر ئەو رێککەوتنەی ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن.
سەرچاوەکە گوتی: "بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران رۆژی چوارشەممە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی تەکنیکی بە نێوەندگیریی قەتەر و پاکستان لە دەوحە لەسەر یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە دەکەن، کە پاڵپشتە بەو پێشکەوتنانەی لە لووتکەی دەریاچەی لوسێرن (سویسرا) بەدەست هاتوون."
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە، شاندەکەیان بە سەرۆکایەتیی کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوە گەشت دەکەن، بەڵام رایگەیاند، بەرپرسەکان "هیچ پلانێکیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە هیچ ئاستێک دا بۆ رۆژانی داهاتوو نییە."
دیپلۆماتەکە روونی کردەوە، جارید کوشنەر، راوێژکاری ترەمپ و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا، بەشداری لەم گفتوگۆ تەکنیکییانەی رۆژی چوارشەممە دا ناکەن، دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە لەگەڵ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر کۆ بوونەوە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیێندراوێک دا بڵاوی کردەوە، هەر سێ لایەنەکە گفتوگۆیان لەسەر "دانوستاندنە بەردەوامەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە دا" و پێشهاتەکانی لوبنان کردووە.
ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە کە بە نێوەندگیریی قەتەر و پاکستان واژۆ کرا، ئەمەش دوای شەڕێکی 40 رۆژە لە نێوان ئەمریکا و ئێران.



