رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی مەکسیک بەدوای کەسێکدا دەگەڕێت کە بە "باتمان"ـی مەکسیکی ناسراوە؛ ئەو کەسە بەوە تۆمەتبارە کە شەوان بەنێو شاردا دەگەڕێت و دزەکانی ماتۆڕسکیل راو دەنێت و دوای گرتنیان، بە تیپ بە ستوونەکانی کارەبایان دەبەستێتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی زە سەن، لە ماوەی 10 رۆژدا کە لە 13ـی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە، لە ناوچەی لاگۆس دی مۆرینۆ لە ویلایەتی خاڵیسکۆ، لانی کەم پێنج پیاو دۆزراونەتەوە کە بە تیپ بە ستوونی کارەباوە بەستراونەتەوە.
لویز کاردێناس، رۆژنامەڤانی مەکسیکی چەند وێنەیەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردوونەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، بە ماجیک سمێڵی پشیلەی لەسەر دەموچاوی دزەکان کێشراوە، هەروەها بە زمانی ئیسپانی وشەی "دز"ـیان لەسەر نووسراوە.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەو کەسەی ئەم کارە دەکات و رۆژنامەڤانەکە بە "باتمانی لاگۆس دی مۆرینۆ" ناوی بردووە، ئەو ماتۆڕانەی کە دزراون، لە نزیک دزەکان بەجێدەهێڵێت، بۆ ئەوەی تاوانەکانیان بە خەڵک نیشان بدات.
لە یەکێک لە وێنەکاندا دوو پیاو دەردەکەون کە پشتیان بەیەکەوەیە و بە تیپ بە ستوونێکەوە بەستراونەتەوە، تابلۆیەکی پەمەییش لە سەرووی سەریانەوە دانراوە و ماتۆڕێکی دزراویش لەبەردەمیاندا بەجێهێڵدراوە.
خوان پابلۆ هێرناندێز، وەزیری ئاسایشی ویلایەتەکە رایگەیاندووە، پۆلیس وەکو "قوربانی" مامەڵە لەگەڵ ئەو پیاوە بەستراوانەدا دەکات و هەوڵدەدات باتمانەکە دەستگیر بکات کە ئەو کارە دەکات.
پیاوەکان لە ستوونەکان کراونەتەوە و چارەسەری پزیشکییان بۆ ئەو برینانە وەرگرتووە کە پێیان گەیشتووە. بەڵام هێشتا روون نییە ئایا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت لەسەر ئەو دزییانەی کە تۆمەتبارن پێی یان نا.
تاوەکو ئێستا پۆلیس کەسی دەستگیر نەکردووە، بەڵام دوو ئۆتۆمبێلیان دەستنیشان کردووە کە رەنگە پەیوەندییان بە رووداوەکانەوە هەبێت.



