رووداو دیجیتاڵ
دەیان کۆچبەر، کە 10 منداڵیان لەگەڵە، دوای ئەوەی لە کەناراوەکانی لیبیاوە بەڕێکەوتبوون، بە بەلەم گەیشتنە دوورگەی کریتی گەشتیاری لە یۆنان.
لە رووداوێکی جیاوازیشدا لەنێو خاکی یۆنان، پۆلیس لە نزیک سنووری باکووری رۆژهەڵات لەگەڵ تورکیا، چوار کەسی دەستگیرکرد بە تۆمەتی ئەوەی کۆچبەرانیان بە ئۆتۆمبێل بردووە بۆ ئەوەی بیدەنە دەستی قاچاخچییەکان.
وەک رۆژنامەی کاسیمێرینیـی یۆنانی بڵاویکردووەتەوە، پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاندووە، رۆژی پێنجشەممە، 25ـی حوزەیران، بەگشتی 79 کۆچبەر لە لیبیاوە بە بەلەمی بچووک گەیشتوونەتە دوورگەی کریت.
بەپێی زانیارییەکانی پاسەوانی کەناراوەکان، 33 پیاو، ژنێک و 10 منداڵ لە بەندەری لوترا دۆزراونەتەوە، دوای ئەوەی لە رۆژهەڵاتی لیبیاوە بە بەلەمێکی بچووکی چووپ پەڕیوونەتەوە. دواتر پاسەوانی کەناراوەکان 35 کەسی دیکەی لە کەناراوەکانی باشووری دوورگەکە دۆزییەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە رۆژی چوارشەممەش، 158 کەس بە چوار بەلەمی بچووک گەیشتبوونە کریت.
بە گوتەی پاسەونای کەناراوەکانی یۆنان، ژمارەی ئەو بەلەمانەی لە کەناراوەکانی لیبیاوە بەرەو دوورگەی کریت بەڕێدەکەون، رووی لە زیادبوون کردووە.
زۆربەی ئەوانەی لەم دواییانەدا گەیشتوون، هاووڵاتیی وڵاتانی بەنگلادیش، میسر و پاکستانن، کە حکومەتی یۆنان رەخنەی لێگرتوون و بە کۆچبەری ئابووری ناویان دەبات، واتە پێیوایە بۆ کار و پارە کۆچ دەکەن، نەک وەک کۆچبەرێک کە لەدەست شەڕ و چەوساندنەوە هەڵاتبن.



