رووداو دیجیتاڵ
وێنەی مانگی دەستکرد راستییەکی مەترسیدار و ترسناک نیشان دەدات؛ بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی و زۆر بەکارهێنانی ئاوەوە، چەندین رووبار و دەریاچەی گەورەی جیهان خەریکە وشک دەبن، لە نێویاندا دەریاچەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و زۆنگاوەکانی جیبایش لە باشووری عێراق. راپۆرتێکی نوێی ماڵپەڕی زانستیی ئەمریکی Interesting Engineering باس لە 9 ناوچەی جیهان دەکات کە بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر ئاوەکانیان لەدەستداوە.
1- دەریاچەی ورمێ (رۆژهەڵاتی کوردستان):
لە ساڵانی نەوەدەکاندا گەورەترین دەریاچەی سوێر بوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رووبەرەکەی نزیکەی 6,000 کیلۆمەتر چوارگۆشە بوو. بەڵام ئێستا تەنیا 581 کیلۆمەتر چوارگۆشەی ماوە (واتە کەمتر لە 10٪ـی قەبارەی جارانی ماوە). هۆکارەکانیش بریتین لە: وشکەساڵی لەسەریەک، زۆر بەکارهێنانی ئاو بۆ کشتوکاڵ، گۆڕینی رێڕەوی رووبارەکان و دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی.
2- زۆنگاوەکانی جیباییش - ئەهوارەکان (باشووری عێراق):
ئەم زۆنگاوانە بەشێکن لە زۆنگاوەکانی مێزۆپۆتامیا کە ئاویان لە رووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە بۆ دێت و یەکێکن لە گرنگترین ناوچە ئاوییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. بەڵام وێنەکانی مانگی دەستکرد لەنێوان ساڵانی 1984 بۆ 2020 نیشانی دەدەن کە ئەم ناوچە گرنگە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورەی بەسەردا هاتووە و ئاوەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
3- دەریاچەی مید (ئەمریکا):
گەورەترین دەریاچەی دەستکردە لە ئەمریکا. ئاو بۆ ملیۆنان کەس دابین دەکات، بەڵام وێنەکان دەریدەخەن کە بەهۆی وشکەساڵییەوە ئاستی ئاوەکەی بەشێوەیەکی مەترسیدار دابەزیوە.
4- رووباری پارانا (ئەرجەنتین):
دووەم درێژترین رووبارە لە ئەمریکای باشوور و رێگەیەکی بازرگانیی گرنگە. بەهۆی وشکەساڵییەوە ئاستی ئاوەکەی هێندە دابەزیوە کە بەشێکی زۆری بنی رووبارەکە دەرکەوتووە و دوورگەی نوێی تێدا دروستبووە.
5- دەریاچەی پۆپۆ (بۆلیڤیا):
پێشتر دووەم گەورەترین دەریاچەی بۆلیڤیا بوو کە دەکەوتە ناوچەیەکی شاخاوییەوە، بەڵام ئێستا بەشێکی زۆری بەتەواوی وشک بووەتەوە.
6- دەریاچەی فاگویبین (مالی):
دەکەوێتە سەر لێواری بیابانی گەورەی ئەفریقا (سەحارا). بەهۆی وشکەساڵی و نەهاتنی ئاوی رووبارەکانەوە بەشێکی زۆری وشک بووە، ئەمەش وایکردووە بیابانبوون خێراتر بێت و خەڵک سەرچاوەی ئاو و لەوەڕگەکانیان لەدەستبدەن.
7- دەریاچەی نگامی (بۆتسوانا):
ئەم دەریاچەیەش لە ئەفریقایە و زۆر هەستیارە بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا. بەهۆی وشکەساڵی و نەهاتنی ئاوی پێویستەوە، گەیشتووەتە لێواری وشکبوونی تەواوەتی.
8- لاگوونا دی ئاکولیۆ (چیلی):
پێشتر دەریاچەیەکی گەشتیاریی زۆر بەناوبانگ بوو، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەکی درێژخایەن و کەمئاوییەوە، ئێستا بەتەواوی وشک بووە و بووەتە بیابانێکی سوێر.
9- ناوچەی ئەمبۆڤۆمبێ (ماداگاسکار):
بۆتە قوربانیی قەیرانێکی قووڵی ژینگەیی. پلەی گەرمای بەرز، گەردەلوولی خولەمێشی و وشکەساڵی بوونەتە هۆی لەنێوچوونی سەرچاوەکانی ئاو و زەوییە کشتوکاڵییەکان، ئەمەش وایکردووە خەڵکەکە بەهۆی برسێتییەوە ماڵوحاڵی خۆیان جێبهێڵن.
هۆشدارییە گەورەکە چییە؟
ئەم وێنانە تەنیا تۆمارێکی سادەی وشکبوونی ئاوەکان نین، بەڵکو هۆشدارییەکن کە چۆن لەدەستدانی ئاو دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا ئابووری و ژیانی مرۆڤ وێران بکات. رەنگە هەندێک لەم ناوچانە ئەگەر زۆر بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت بتوانن چاک ببنەوە، بەڵام بەشێکیان هێندە زیانی قووڵیان بەرکەوتووە کە ئیدی ئەستەمە بگەڕێنەوە بۆ دۆخی جارانیان.


