رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی رۆژی هەینی، فڕۆکەیەکی بچووک لە شاری بەیژینگی پایتەختی چین خۆی بە باڵەخانەی "CITIC Tower" کێشا کە بە بەرزترین تەلاری ئەو شارە دادەنرێ. هێزە ئەمنییەکان زوو چوونە ناوچەکە.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، فڕۆکەکە لە جۆری (Sunward SA60L Aurora) یە کە فڕۆکەیەکی بچووکی دوو کورسییە و دروستکراوی نێوخۆی چینە.
ڤیدیۆکان ساتی کەوتنەخوارەوەی پارچەکانی فڕۆکەکە و شووشەی پەنجەرەکانی تەلاری "CITIC Tower" (کە بە چاینا زۆن-یش دەناسرێ) نیشان دەدەن، لە کاتێکدا کلکی فڕۆکەکە لەسەر زەوی و لە نزیک باڵەخانەکە کەوتووە.
باڵەخانەی "CITIC Tower" کە 108 نهۆمە و ناوەندی سەرەکیی کۆمەڵەی (CITIC)ی حکومییە، دەکەوێتە نێوەندی ناوچەی بازرگانیی بەیژینگ.
هەرچەندە تائێستا دەسەڵاتدارانی چین بە فەرمی ژمارەی قوربانییەکانیان رانەگەیاندووە، بەڵام پۆلیسی بەیژینگ رێکارە ئەمنییەکانی لە دەوروبەری شوێنی رووداوەکە تووندکردووە، چەندین شەقامی سەرەکییان داخستووە و رێگری لە خەڵک دەکەن وێنەی شوێنی رووداوەکە بگرن.
تائێستا هۆکاری سەرەکیی لادانی فڕۆکەکە لە رێڕەوی خۆی و کێشانی بەو باڵەخانە بەرزەدا نەزانراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.


