روودو دیجیتاڵ
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، سەردانی پەرلەمانی ئەورووپای کرد و لەگەڵ جۆرجیانا تیۆدۆریسکۆ، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا لە فراکسیۆنی کۆنسێرڤاتیڤ و ریفۆرمیستەکان کۆبووەوە.
دلاوەر ئاژگەیی بە رووداوی راگەیاند، دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوچەکە و دۆخی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان تەوەری سەرەکیی دیدارەکە بوون. "لە کۆبوونەوەکەدا سیاسەت و تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانم بۆ کۆی گشتیی رووداوەکان شیکردەوە."
بە گوتەی خۆی، نوێنەری حکومەت داوای کردووە لەم بارودۆخەدا و لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراودا، یەکێتیی ئەورووپا بەردەوام بێت لە پشتیگیریکردنی هەرێمی کوردستان، کە هەمیشە فاکتەری ئاسایش و سەقامگیری بووە و بڕوای بە چارەسەری کێشەکان لە رێگەی ئاشتی و دانوستاندنـەوە هەیە.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا گوتی: جۆرجیانا تیۆدۆریسکۆ، پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و رایگەیاند، "لە بەرانبەر ئەو رۆڵە گرنگەی هەرێمی کوردستان لە قۆناخــە جیاوازەکاندا گێڕاویەتی و ئەو قوربانییانەی بۆ دابینکردنی ئاسایش و دیموکراسی لە ناوچەکەدا داونی، پێویستە یەکێتیی ئەورووپا بەهێزتر پشتیوانیی لێ بکات." ئەو جەختی کردەوە کە بۆ ئەم مەبەستە ئامادەی هەموو جۆرە هاوئاهەنگیـیەکە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، پلان و پڕۆژەی هاوبەش بۆ ئایندەی پەیوەندییەکان خرانە روو. جۆرجیانا تیۆدۆریسکۆ، بە دلاوەر ئاژگەیی گوتووە، دۆستی نزیکی کوردستانە و پێشتریش سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
جۆرجیانا تیۆدۆریسکۆ، لە پەرلەمانی ئەورووپا وەک داکۆکیکارێکی بەهێز بۆ پرسی کورد دەناسرێت و دەڵێ، "چیدیکە بوار بۆ پاشەکشە لە پشتیوانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان نەماوەتەوە تاوەکو پەیوەندییەکان بگەنە لووتکە."



