رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی فلیپین رایانگەیاند، لە ئەنجامی تەقەکردن لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە ناوەڕاستی وڵاتەکە، سێ قوتابی کوژران و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی دووشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2026، پۆلیسی فلیپین رایگەیاند، توانیویانە دوو گومانلێکراو دەستگیر بکەن، کە یەکێکیان قوتابییە لە ئامادەیی نیشتمانیی (سان خۆسێ) لە شاری تاکلۆبان، واتە لەو شوێنەی کە رووداوەکەی تێدا روویداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، هەردوو هێرشبەرەکە پیاون و بە دەمانچە هێرشەکەیان کردووە.
پۆلیسی ناوچەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "بریندارەکان دەستبەجێ بۆ ناوەندە پزیشکییە نزیکەکان گواستراونەتەوە، تاوەکو چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت."
تاوەکو ئێستا تیمەکانی لێکۆڵینەوە سەرقاڵی بەدواداچوونن بۆ دۆزینەوەی هۆکاری پشت ئەم تەقەکردنە لەو قوتابخانە حکومییەدا، کە زیاتر لە 1500 قوتابی تێیدا دەخوێنن. هاوکات پۆلیس هێزی زیاتری بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە بڵاوە پێکردووە.
پۆلیسی نیشتمانیی فلیپین لە بەیاننامەیەکدا داوای لە هاووڵاتییان کردووە "هێمن بن و لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی پشتڕاست نەکراو خۆیان بەدوور بگرن، هەروەها هاوکاریی دەسەڵاتداران بکەن بە پێدانی هەر زانیارییەک کە یارمەتیی لێکۆڵینەوەکان بدات."
لە ساڵی 2022دا، سێ کەس، لەنێویاندا سەرۆک شارەوانییەکی پێشوو، لە ئەنجامی تەقەکردنێک لە زانکۆی (ئەتێنێۆ دی مانیلا) لە مانیلای پایتەخت کوژران؛ دواتر دەرکەوت رووداوەکە کردەوەیەکی تیرۆرکردن بووە و "پاڵنەری کەسی" لەپشت بووە.
خاوەندارێتیی چەک لە فلیپین بە یاسایەکی تووند رێکخراوە، بەڵام بازاڕێکی گەورەی رەشی چەک لەو وڵاتەدا هەیە کە بووەتە هۆی زیادبوونی تاوان بە چەک.



