رووداو دیجیتاڵ
وەک رێزلێنانێک لە بەرامبەر 19 ساڵ خزمەتی دیپلۆماسی لە وڵاتانی جیاواز، حکومەتی فەرەنسا پلەی سوارچاکی لە (میدالیای شایستەیی نیشتمانی) بەخشییە یان برایم، کۆنسووڵی گشتیی وڵاتەکەی لە هەولێر.
رۆژی سێشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2026، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە هەولێر، پاتریک دورێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، (میدالیای شایستەیی نیشتمانی) ناسراو بە (شۆڤلێی) پێشکێشی یان برایم کرد.
یان برایم لە گوتارێکدا لە کاتی وەرگرتنی میدالیاکەدا خۆشحاڵی و شانازیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، ئەمە وەک پێزانینێکە بۆ کارەکانی وەک فەرمانبەرێکی دەوڵەت و نوێنەری فەرەنسا لە دەرەوەی وڵات.
کۆنسووڵی گشتی فەرەنسا گوتیشی: "بە سوپاسگوزاری و شانازییەکی زۆرەوە لەبەردەم ئێوەدا لەم بۆنە گرنگەدا وەستاوم. وەرگرتنی [پلەی] سوارچاک لە میدالیای شایستەیی نیشتمانی، یەکێکە لە دیارترین ئەو رێزلێنانانەی هاووڵاتییەکی فەرەنسی لەبەرامبەر خزمەتە ناوازەکەی و بەشداریکردنی لە پێشخستنی وڵاتەکەی وەریدەگرێ."
یان برایم ئاماژەی بە کارکردنی خۆی لە ساڵانی رابردوودا کرد و گوتی:"لەسەر ئاستی کەسی، ئەم خەڵاتە بۆ من واتایەکی زۆری هەیە؛ وەک پێزانینێکە بۆ کارەکانم وەک فەرمانبەرێکی سڤیل و نوێنەری فەرەنسا لە وڵاتانی دەرەوە."
لە کۆتایی قسەکانیدا، یان برایم سوپاسی خێزان و هاوکارەکانی کرد و گوتی: "ئەم گەشتە دوور و هەندێکجار قورسە، بێ پشتگیریی خێزانەکەم ئەستەم دەبوو، کە لە خۆشی و ناخۆشییەکانی ئەم ژیانەدا لەگەڵم بوون. هەروەها دەمەوێ سوپاسی هەموو ئەو هاوکارانەم بکەم کە لەم کارەدا لەگەڵم بوون."
مەدالیاکە چییە و بە کێ دەدرێ؟
مەدالیای شایستەیی نیشتمانیی فەرەنسا کە بە دووەم بەرزترین خەڵاتی رێزلێنانی فەرمی لەو وڵاتەدا دادەندرێ، مێژووەکەی بۆ ساڵی 1963 دەگەڕێتەوە. ئەم مەدالیایە لەلایەن ژەنەڕاڵ شارل دیگۆل، سەرۆکی ئەو کاتی فەرەنساوە درا، بە ئامانجی رێزلێنان لەو کەسانەی لە کایە جیاوازەکاندا خزمەتێکی "بەرچاو و نایاب" دەکەن.
ئەم رێزلێنانە لە پێنج پلەی جیاواز پێکدێت کە پلەی "سوارچاک" یان (Chevalier) لە پلەی پێنجەم و کۆتاییدایە. بەشێوەیەکی گشتی، بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە بەربژێری ئەم مەدالیایە، پێویستە لانیکەم 10 بۆ 15 ساڵ خزمەتێکی کارا و داهێنەرانەی لە بواری گشتی یان تایبەت هەبێت.
ئەم مەدالیایە وەک نیشانەیەکی دیپلۆماسیی باڵا بەخشراوەتە چەندین سەرکردە و کەسایەتی ناسراوی جیهانی، لەوانە پادشا فرێدریکی دەیەمی دانیمارک و پادشا خوان کارلۆسی ئیسپانیا؛ هەروەها چەندین سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، وەک ژاک شیراک و فرانسوا ئۆلاند و کەسایەتیی ناسراوی وەک سیمۆن ڤێی، کە یەکێک بوو لە کاریگەرترین سیاسییەکانی ئەورووپا و رزگاربوویەکی هۆڵۆکۆست، ئەم نازناوەیان پێبەخشراوە.
ئەکتەرە ناودارەکانی وەک ئەلێن دیلۆن، ژان پۆل بێلمۆندۆ و ژێرارد دیپاردیۆ، لەگەڵ شارل ئەزناڤوور، لە دیارترین ئەو کەسانەن کە ئەو خەڵاتەیان وەرگرتووە.
یان برایم کێیە؟
یان برایم، دیپلۆماتێکی فەرەنسایە و لە تشرینی دووەمی 2023ـەوە وەک کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر دەستبەکار بووە.
یان برایم پێش ئەوەی بێتە هەولێر، کاروانێکی درێژی لەنێوان کایەی دیپلۆماسی و ناوەندە زانستییەکان بڕیوە، بە جۆرێک لە ساڵانی 2022 و 2023 وەک بەڕێوەبەری پڕۆژە و جێگری سەرۆکی بەشی ئۆپەراسیۆنە بەپەلەکان لە "سەنتەری قەیران و پاڵپشتی" سەر بە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە پاریس کاری کردووە.
ئەم دیپلۆماتە فەرەنسییە ئەزموونێکی 15 ساڵەی لە وەزارەتی ئەورووپا و کاروباری دەرەوەی وڵاتەکەی هەیە، کە لە ساڵی 2007ـيوە دەستیپێکردووە و تێیدا چەندین پۆستی لە بوارەکانی دیپلۆماسی، داڕشتنی ستراتیژ و کارگێڕی هەبووە.
یان برایم لەگەڵ وەزارەتی هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا، توێژینەوەی ستراتیژی و بەرگریی هەبووە و لە ساڵانی 2005 بۆ 2007یش وەک مامۆستا و توێژەر لە زانکۆی (کلێرمۆنت ئۆڤێرن) و پەیمانگای (زانستە سیاسییەکان) لە تۆلۆز وانەی گوتووەتەوە.
یان برایم خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری (جیۆپۆلیەتیک) کە لە ساڵی 2007 بە پلەی نایاب بەدەستهێنا. هەروەها بڕوانامەی ماستەری لە پەیمانگای جیۆپۆلیتیکی فەرەنسا و بڕوانامەی پەیمانگای زانستە سیاسییەکانی تۆلۆزی وەرگرتووە.