رووداو دیجیتاڵ
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ، متمانەی بەریتانییەکان بە بڕوانامەی زانکۆ بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ئێستا 34%ـی خەڵک پێیانوایە خوێندنی باڵا شایەنی ئەو کات و پارەیە نییە بۆی خەرج دەکرێت. هاوکات پەرلەمانی ئەو وڵاتە لێکۆڵینەوەی لەبارەی سیستمی "قەرزی خوێندکاران" دەستپێکرد.
رۆژی سێشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2026، پەرلەمانی بەریتانیا لێکۆڵینەوەیەکی فراوانی لەبارەی سیستمی قەرزی خوێندن دەستپێکرد. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت ئەنجامی توێژینەوەیەکی ناوەندی (British Social Attitudes) دەریخست، رێژەی ئەو کەسانەی پێیانوایە زانکۆ شایەنی ماندووبوون و تێچووەکەی نییە، لە 14%ـەوە لە ساڵی 2005 بۆ 34% لە ساڵی 2026 بەرزبووەتەوە.
"قەرزەکەم لەبری کەمبوونەوە، زیاد دەکات"
زۆربەی ئەو گەنجانەی بە قەرز زانکۆیان تەواو کردووە، ئێستا خۆیان بە گرفتار دەزانن. جێما، کچە دەرچوویەکی زانکۆیە و چیرۆکی خۆی بۆ (BBC) گێڕاوەتەوە و دەڵێت: "کاتێک لە 2016 زانکۆم تەواو کرد، 34,105 پاوەند قەرزدار بووم، بەڵام ئێستا قەرزەکەم بووە بە 41,908 پاوەند."
ئەو کچە ئاماژە بەوە دەکات، هەرچەندە مانگانە قەرزەکە دەداتەوە، بەڵام بەهۆی بەرزیی "سوودی بانکی" قەرزەکەی رۆژ لە دوای رۆژ زیاد دەکات، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی گەنجان نەتوانن خانوو بکڕن یان خێزان پێکبهێنن.
ململانێی نێوان حکومەت و خوێندکاران
یەکێتیی نیشتمانیی خوێندکاران (NUS) داوا دەکات حکومەت سیستمەکە بگۆڕێت و رێگری لە زیادبوونی سوودی سەر قەرزەکان بکات، بەتایبەت کە بڕیارە لە ساڵی 2027ـەوە یاسایەکی نوێ جێبەجێ بکرێت، کە خوێندکاران ناچار دەکات زووتر دەست بە دانەوەی قەرزەکانیان بکەن.
لە بەرانبەردا، حکومەتی بەریتانیا بەرگری لە سیستمەکە دەکات و دەڵێت، دادپەروەرانەیە، چونکە تەنیا ئەو کەسانە پارە دەدەنەوە، کە مووچەیان گەیشتووەتە ئاستێکی دیاریکراو.
هاوکات ڤیڤیان ستێرن، بەڕێوەبەری زانکۆکانی بەریتانیا دەڵێت، داتاکان دەیسەلمێنن کە دەرچووانی زانکۆ هێشتا چانسی کارکردنیان زیاترە و داهاتیان بەرزترە، بۆیە وڵات بۆ گەشەی ئابووری پێویستی بە دەرچووی زانکۆیە.
سیستمی خوێندنی باڵا لە بەریتانیا لە ساڵی 2012ـەوە گۆڕانکاریی بەسەردا هات و تێچووی ساڵانەی خوێندن بۆ 9,000 پاوەند بەرزکرایەوە. ئێستا پەرلەمان لێکۆڵینەوە لەوە دەکات چۆن رێگری لە داڕمانی متمانەی گەنجان بە بڕوانامەی زانکۆ بگرێت، کە بڕیارە لێکۆڵینەوەکە چەند هەفتەیەک بخایێنێت.
