رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گوێی لەو هەواڵانە نەبووە کە ئێران گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا راگرتووە، بەڵام گوتیشی ئەگەر راست بێت "ئاساییە" و "بێدەنگبوون زۆر باش دەبێت." ترەمپ گوتی، ئەمە مانای دەستپێکردنی بۆردوومان نییە، بەڵام "گەمارۆکە دەمێنێتەوە."
رۆژی دووشەممە 01-06-2026، دۆناڵد ترەمپ بە کەناڵی (ئێن بی سی نیوز)ـی راگەیاند، "پێموایە زۆر قسەمان کردووە، بێدەنگبوون زۆر باش دەبێت و رەنگە بۆ ماوەیەکی درێژیش بێت."
سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، بێدەنگبوون مانای دەستپێکردنەوەی جەنگ نییە و گوتی: "ئەمە مانای ئەوە نییە کە دەست بە بۆردوومانکردن دەکەین لە هەموو شوێنێک لە ئێراندا، بەڵکو تەنیا بێدەنگ دەبین. گەمارۆکە دەهێڵینەوە. گەمارۆ پارچەیەکە لە پۆڵا."
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا دەتوانێت چاوەڕێی ئێران بکات، ترەمپ لە وەڵامدا گوتی: "پێموایە دەتوانم هێندەی ئەوان دەیانەوێت چاوەڕێ بکەم. ئەوان سامانێکی گەورە لەدەست دەدەن."
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران رۆژی دووشەممە رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، پرۆسەی گۆڕینەوەی نامە و دەقە پێشنیازکراوەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە رادەگرێت؛ هاوکات لە رێگەی "بەرەی مقاوەمە"ـوە هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی سەربازیی تووند دەکەن.
ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردەوە، بەهۆی پێشێلکردنی مەرجەکانی ئاگربەست لە تەواوی بەرەکان و بەتایبەت لە لوبنان، تیمی دانوستاندنکاری ئێرانی بڕیاریداوە "گفتوگۆ و گۆڕینەوەی دەقەکان لە رێگەی پاکستانەوە رابگرێت." بەپێی ئاژانسەکە، بەرپرسانی ئێران گوتوویانە، "تاوەکو هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان رانەگیرێن و سوپای ئیسرائیل بە تەواوی لە لوبنان نەکشێتەوە، هیچ گفتوگۆیەک ناکرێت."
ئاژانسەکە گوتی، ئێران و "بەرەی مقاوەمە" بە نیازن بۆ سزادانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی، تەنگەی هورمز بە تەواوی دابخەن و هاتووچۆی کەشتیوانی لە بابولمەندەبیش رابگرن.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئاگربەستە لە تەواوی بەرەکاندا، لەنێویشیاندا لوبنان." عێراقچی هۆشداریدا و گوتی، ئەمریکا و ئیسرائیل بەرپرسیار دەبن لە لێکەوتەکانی هەر جۆرە پێشێلکارییەکی ئەو ئاگربەستە.
ئەمڕۆ دووشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، داوا لە هەموو دانیشتووانی باشووری بەیرووت ناسراو بە (زاحیە) دەکەن، لە پێناو سەلامەتیی خۆیان ناوچەکە چۆڵ بکەن. لە بەرامبەردا، بارەگای خاتەمولئەنبیای سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە حاڵەتی هێرشکردنە سەر باشووری بەیرووت، داوا لە دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل دەکەن، چۆڵی بکەن.
