رووداو - ئاژانسەکان
گۆڤاری (Science and Technology Daily) کە وەزارەتی زانست و تەكنۆلۆژیای چین دەریدەکات، راپۆرتێكی تایبەت بە روانگەكردنەكانی روانگەی بێتەلیی-رادیۆیی زەبەلاحی ناسراو بە (Sky Eye) واتە (چاوی ئاسمان) سڕیەوە کە دەگوترێت رەنگە هێمای نامۆ و نەناسراوی وەك "شارستانییەتی دەرەوەی سیستەمی خۆری" تۆمارکردبێ.
چانگ تۆنجیێ، گەورەی زانای (تیمی گەڕان بەداوی شارستانییەتی دەرەوەی زەوی) كە لەڕێگەی زانكۆی پەكین، روانگەی فەلەكیی نیشتیمانیی سەر بە ئەكادیمیای چینیی بۆ زانست و زانكۆی كالیفۆڕنیاوە پاڵپشتی دەكرێت، رایگەیاندووە: "ئەو هێما رادیۆییە كارۆموگناتیسییەی خاوەن لەرەی تەسكە و لەڕێگەی دەفری رادیۆیی مەزنی [سكای ئای]دا وەرگیراوە، بەتەواوی جیاوازبووە لەگەڵ ئەوانەی پێشتر لە روانگە رادیۆییەكانی دیكەی جیهانیدا وەرگیراون".
تاوەکو ئێستا ئاماژە بە هیچ هۆكارێك نەكراوە بۆ سڕینەوەی ئەو راپۆرتە، تەنانەت لەنێو گۆڤارەكەشدا، لەگەڵ ئەوەی ئەم هەواڵە دوای راگەیاندنی، بەشێوەیەكی زۆر خێرا لەنێو سۆشیاڵمیدیا و سایتە زانستییەكاندا بڵاوببووەوە.
لە ئەیلوولی 2020 بۆ یەكەمجارو بەشێوەیەكی فەرمی، دەستكرا بە بەكارهێنانی تلسكۆبی رادیۆیی (Sky Eye) لە بواری گەڕان بە دوای شارستانییە هۆشمەندەكانی گەردوون. لەم بارەیەوە چانگ تۆنجێی رایگەیاند: "تیمی زانایانی ئەو روانگەیە دوو گرووپ لە هێما یان سیگناڵی رادیۆیی نەناسراو و نامۆیان لە دەرەوی زەوی وەرگرتووە، هەروەها لە ساڵی 2022 ش هێمایەكی دیكەی رادیۆیی نامۆ و نەناسراوی دیكەشی پێگەیشت لەكاتی وەرگرتنی داتای تایبەت بە روانگەكردنی هەسارە دەرەكییەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت ئەو هێما نامۆیانە بریتیبن لە تێكهەڵكێشانێكی نێوان شەپۆلە رادیۆییەكانی زەوی یان چالاكیی تەنێكی ئاسمانیی نەناسراوبێت. واتە؛ تەنێكی ئاسمانیی سروشتیی نەك دەستكرد."
بۆیە؛ وەك چانگ دەڵێت، "پێویستە لێكۆڵینەوە و شیكردنەوەی زۆر وردتر دەربارەی ئەو هێما و چالاكییە رادیۆییە نامۆیانە بكرێن بۆ گەیشتن بە دەرەنجامی كۆتایی راست و دروست".



