رووداو دیجیتاڵ
تەقینەوەیەکی بەهێز لەسەر رووی خۆر روویدا و زانایان دەڵێن: ئەگەر تەنۆچکە بارگاوییەکان بەرگی موگناتیسیی زەوی ببڕن، کاریگەریی لەسەر مانگە دەستکردەکان و تۆڕەکانی گەیاندن دەبێت.
كاژێر 55:04ی ئێوارەی رۆژی سێشەممەی رابردوو 10-05-2022، روانگەی دینامیكی خۆر (SDO)ی سەر بە ئاژانسی ناسا، تەقینەوەیەكی بەهێزی لەسەر خۆر تۆماركرد و ئاماژەی بەوەکرد، ئەمجۆرە تەقینەوانە، کە هەرگیز پێشبینی روودانیان ناكرێت، بریتین لە دەرچوونێكی زۆر بەهێزی وزە، گەرمی، بارستەی پالزمایی و تەنۆچكەی بارگاوی، دوای نزیكەی 48 كاژێر لە دەرچوونیان لە رووی خۆرەوە دەگەنە زەوی.
ئاژانسی ناسا لە زاری زانایانەوە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر تەنۆچكە بارگاوییەكان بەرگی موگناتیسی زەوی ببڕن و دزە بكەن، كاریگەرییان لەسەر مانگە دەستكردەكان، بوارەكانی پەیوەندی بێتەل دەبێت، تەنانەت لە کاتی زۆر بەهێزدا، كاردەكاتە سەر تۆڕەكانی گەیاندنی كارەبا لەسەر رووی زەوی و جۆرێكە لە هەڕەشە لەسەر تەندروستیی كەشتیوانانی ئاسمانی، بە تایبەتی ئەوانەی بۆ ماوەیەكی زۆر لە نێو كەشتییەكان و وێستگەكانی بۆشایی ئاسماندا دەمێننەوە.
بەپێی پۆلێنەکان، ئەم تەقینەوەیە لە جۆری (Class-X) بووە، كە جۆرێكی بەهێزە و سەرچاوەكەشی بریتییە لە پەڵەیەكی رەش (Sunspot) بەناوی 3006، كە جۆرە چالاكییەكی ناوداری خۆرە و بریتییە لە ناوچەیەكی پلە گەرمیی نزمتر لە دەوروبەری خۆی، بەڵام سەرچاوەیەكی زۆر بەهێزی تیشكە و خاوەن كایەیەكی موگناتیسی زۆر بەهێزە، لە هەمانكاتدا سەرچاوەی روودانی ئەمجۆرە تەقینەوانەن.
ئەوەی زانایانی تووشی دڵەڕاوكێ كردووە ئەوەیە كاتێك تەقینەوەكە روویداوە ئاراستەكەی بەرەو رووی زەوی بووە، بەڵام تائێستا نازانرێت ئاخۆ ئەو بارستە مەزنەی تەنۆچكە بارگاوییە دەرچووەكانی ئەم تەقینەوەیە، چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر مانگە دەستكردەكان و بوارەكانی پەیوەندی و ئینتەرنێتەوە.
خۆر جۆرە تەقینەوەیەكی دیكەی زۆر بەهێزی هەیە، كە ناسراوە بە (Ejection Mass Coronal ) واتە (دەرچەی خەرمانەیی مەزن)، كە ئەوەیان زۆر بە دەگمەن روودەدات و لەماوەی 2 تاوەکو 3 هەزار ساڵی رابردوودا رووینەداوە، ئەگەر رووبدات، كارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە لەسەر مانەوەی مانگە دەستكردەكان و دەبێتە هۆی زیانێكی زۆر گەورە لە بوارەكانی پەیوەندی بێتەل و تێكدان و پچڕاندنی ئینتەرنێت و وێستگەكان و تۆڕەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزەی كارەبا، واتە، كاریگەرییەكی زۆری دەبێت لەسەر تەواوی بوارەكانی تەكنەلۆژیا و نەخشە ئەلیكترۆنییەكان بەشێوەیەكی گشتی، بەڵام كاریگەریی لەسەر کەشوهەوا نابێت.



