رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرەدا دژی ئەو کەسانەی پەیوەستن بە سولەیمانچییەکانەوە، هێزە ئەمنییەکان لە 8 پارێزگادا هەڵیانکوتایە سەر 29 ناونیشان و 21 گومانلێکراویان دەستبەسەر کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026 لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکات لە هەشت پارێزگادا 21 گومانلێکراو دەستبەسەر کران، و کارەکانیش بۆ دەستگیرکردنی 7 گومانلێکراوەکەی دیکە بەردەوامن.
ئەم لێکۆڵینەوەیە کە پێشتر تێیدا عەلیخان کوریش، سەرۆکی سولەیمانچییەکان زیندانی کرابوو، دوای ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوو فراوانتر کراوەتەوە. لە دۆسیەکەدا تۆمەتەکانی "دامەزراندن و بەڕێوەبردنی رێکخراوی تاوانکاری، ئەندامێتی لە رێکخراوی تاوانکاری، سپیکردنەوەی سامانی بەدەستهاتوو لە تاوان، فێڵکردن لە زیانی دامودەزگا و رێکخراوە گشتییەکاندا و سەرپێچیکردن لە یاسای رێکاری باج" دەخرێنە روو.
پێشتر قەییوم بۆ 23 کۆمپانیا دانرابوو
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە رۆژی 20ـی ئەیلوولی 2026 فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ 29 گومانلێکراو دەرکردبوو و بڕیاری دانانی قەیوومیش بۆ 23 کۆمپانیا درابوو بە تۆمەتی ئەوەی پەیوەندییان بە دۆسیەی لێکۆڵینەوەکەوە هەیە.
داواکاری گشتی لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوودا رایگەیاندبوو کە بەڵگەیان دەستکەوتووە لەسەر ئەوەی گومانلێکراوەکان جموجۆڵی پارەی ناوخۆ و دەرەوەیان رێکخستووە، ئاسانکارییان بۆ گواستنەوەی دارایی تۆمارنەکراو کردووە و چالاکییان بۆ سپیکردنەوەی ئەو داهاتانە ئەنجام داوە کە مەزەندە دەکرێت لە تاوانەوە بەدەستهاتبن. هەروەها راگەیەندرابوو کە لە دۆسیەی لێکۆڵینەوەکەدا لێکۆڵینەوە لە بانگەشەی ئەنجامدانی چالاکیی رێکخراوەیی و دارایی بۆ کاریگەریکردنە سەر پڕۆسەکانی هەڵبژاردنیش دەکرێت.
ئەم شەپۆلە نوێیەی ئۆپەراسیۆنەکە درێژەی زنجیرە رێکارە دادوەری و ئەمنییەکانی ساڵی 2026ـە دژی « سولەیمانچییەکان لە تورکیا، کە رێکخراوێکی ئایینی و کۆمەڵایەتییە و خاوەنی ژمارەیەکی زۆر بەشەناوخۆیی، ناوەندی خوێندن و کۆمپانیای بازرگانییە.
لە مانگی ئایاری 2026ـدا عەلیخان کوریش، سەرۆکی جەماعەتەکە لە چوارچێوەی دۆسیەی گەندەڵی، سپیکردنەوەی پارە و دامەزراندنی رێکخراوی تاوانکاریدا دەستگیر کرا و دواتر زیندانی کرا. لە قۆناخەکانی دواتریشدا داواکاری گشتیی ئەنقەرە لە رۆژانی 20ـی ئەیلوول و 19ـی تشرینی دووەمی 2026ـدا هەڵمەتی دەستبەسەرکردن و دانانی قەیوومی بۆ سەر کۆمپانیا و کەسایەتییەکانی سەر بەو تۆڕە ئەنجام دا پێش ئەوەی ئەمڕۆ بازنەی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ 8 پارێزگا فراوان بکات.
تاوەکو ئێستا لەچوارچێوەی ئەو دۆسیەیە، زیاترە لە 100 کەس دەستگیرکراون و بڕیاری دانانی قەیوومیش بۆ زیاتر لە 83 کۆمپانیا و رێکخراوی سەر بە سولەیمانچییەکان دانراوە.



