رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، رەخنەی لە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی نوێ، گرت دوای ئەوەی بڕیاری دا ئەندام نەداتە لیژنەی چاودێریی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەماندا، وەکو شۆڕشگێڕێکی هەرزەکار وەسفی کرد و بە "دابەشکردنی جەهەپەی 103 ساڵە" تۆمەتباری کرد.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی (میللەت) کە رۆژی شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، بڵاوکرایەوە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، ئاماژەی بە هەڵوێستەکەی ئۆزگور ئۆزەل کرد دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، کە بڕیاریان داوە بەشداری لە لیژنەی چاودێریی پرۆسەی چارەسەریدا نەکەن، کە بڕیار وایە لەژێر چەتری پەرلەمانی وڵاتەکەدا پێکبهێنرێت.
سەرۆکی مەهەپە، کە جەختی لە یەکپارچەیی کۆمەڵایەتیی تورکیا کردەوە، هەڵوێستە سیاسییەکانی ئۆزگور ئۆزەلی کردە ئامانج و گوتی: "توانیتان جەهەپەی 103 ساڵە دابەش بکەن، بەڵام رێگە نادەین ئێوە تورکیا دابەش بکەن."
باخچەلی لە بەردەوامیی لێدوانەکەیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە سەرۆکی پارتی نوێ بە رێنمایی دەرەوە دەجووڵێتەوە و گوتیشی: "شۆڕشگێڕیی هەرزەکارانە کە لەپاڵ ئەدەبی دەوڵەتدا، بە دابڕان لە راستییەکانی کۆمەڵگە و سیاسەت کار دەکات و بەو ئاراستەکردن و رێنماییانەی پێیدەدرێن بەردەوامە لە بەلاڕێدابردنی گەلی تورک لە چوارچێوەی ئاراستەکانی ئەجێندای سیاسیدا."
باخچەلی دەشڵێت: "گوتارە سیاسییەکانی ئۆزگور ئۆزەل لەسەر بنەمای رێنمایی و چپەی کەسانی دیکەیە بە ئامانجی تێکدانی کۆمەڵگە و ئەوەش لەگەڵ سیاسەتێکی بەرپرسیارانەدا ناگونجێت."
ئەم کاردانەوەیەی دەوڵەت باخچەلی دوای ئەوە هات کە رۆژی 18ـی تشرینی دووەمی 2026، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە چوارچێوەی گەڕێکی سەردانەکانی بۆ لای پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان بۆ پێکهێنانی (لیژنەی چاودێری)ـی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل کۆبووەوە؛ دوای دیدارەکەش ئۆزەل رایگەیاند، پارتی نوێ ئەندام ناداتە لیژنەکە و پاساوەکەشی بۆ هەنگاونەنانی حکومەت لە بەدیموکراسیکردنی تورکیادا، دانانی قەیووم و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان گەڕاندەوە.
هاوکات ئاماژەدانی باخچەلی بە دابەشکردنی جەهەپەی 103 ساڵە پەیوەستە بە قەیرانە یاسایی و نێوخۆییەکانی دوای کۆنگرەی 38ـی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) – کە لە ساڵی 1923ـدا دامەزراوە – کە بووە هۆی ئەوەی ئۆزگور ئۆزەل و هاوڕێکانی لە 24ـی تەممووزی 2026ـدا (پارتی نوێ) دابمەزرێنن، لەکاتێکدا جەهەپە لەژێر بەڕێوەبردنی کەمال کڵچدارئۆغڵودا بڕیاری بەشداریکردنی لە کۆمیسیۆنە پەرلەمانییەکەدا داوە.


