رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بەخوڕی بارانبارین شاری ئیستەنبووڵی تورکیای گرتەوە و بووە هۆی دروستبوونی لافاوێکی گەورە؛ بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا، زیاتر لە 1,200 ماڵ و شوێنی کار ژێرئاو کەوتن و دەوامی قوتابخانەکانیش راگیرا.
شەپۆلەکە لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە دەستیپێکردووە و زۆربەی ناوچەکانی ئیستەنبووڵی پەکخستووە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، رێژەی بارانبارین لە شەوی رابردوودا گەیشتووەتە 242 لیتر بۆ هەر مەتر چوارگۆشەیەک؛ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵیش رایگەیاند کە ئەم رێژەیە لە بارانبارین لە ساڵی 1985ـەوە لە شارەکەدا تۆمار نەکراوە.
بەهۆی لافاوەکەوە تاوەکو ئێستا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە: مێرمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵ لە گەڕەکی بالات سەر بە ناوچەی فاتح، بەهۆی بەرکەوتنی بە تەزووی کارەبا لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاو گیانی لەدەستدا. هاووڵاتییەکی تەمەن 34 ساڵیش لە ناوچەی سارییەر، لە کاتی پەڕینەوە لە شەقامێکدا خلیسکا و بەهۆی بەرکەوتنی سەری بە شۆستەکە لەوێ گیانی لەدەستدا.
پارێزگای ئیستەنبووڵ هۆشدارییەکی تووندی دەرکرد و داوای لە هاووڵاتییان کرد، ئەگەر زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە. هەروەها ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەم، لە سەرجەم قوتابخانەکانی شارەکەدا دەوام راگیرا.
بەڕێوەبەرایەتیی باری لەناکاوی ئیستەنبووڵ (ئافاد) ژووری قەیرانی پێکهێناوە و پارێزگاریش رایگەیاند، زیاتر لە 8 هەزار کارمەند و 2 هەزار ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
بەرپرسان هۆشداری دەدەن کە مەترسیی بارانبارین لە بەشی ئاسیای ئیستەنبووڵ بەردەوام دەبێت. جگە لە ئیستەنبووڵیش، لە پارێزگاکانی (زۆنگولداغ، ساکاریا، یالۆڤا، کۆجائێلی و دوزجە) و 48 شار و پارێزگای دیکەی باکووری کوردستان و تورکیا هۆشداریی لافاو دراوە و دەوامی قوتابخانەکان راگیراوە.




