رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت)، سەردانی کابول و قەندەهاری کرد لە ئەفغانستان.
میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەفغانستان. لە چوارچێوەی دیدارەکانیدا لە کابول، لەگەڵ عەبدولحەق واسق، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگری کۆبووەوە.
هەروەها ئیبراهیم کاڵن لەگەڵ مەلا عەبدولغەنی برادەر، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری؛ مەولەوی محەممەد یەعقوب موجاهید، وەزیری بەرگری و سیراجەدین حەقانی، وەزیری ناوخۆی حکومەتی ئەفغانستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکاندا، ئەو هەنگاوانە تاوتوێ کران کە دەکرێت بۆ پتەوکردنی هاوئاهەنگیی نێوان تورکیا و ئەفغانستان لە بوارەکانی ئاسایش و هەواڵگریدا بنرێن. هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرا.
لە دیدارەکاندا، پێشهاتە هەرێمی و جیهانییەکانیش گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بەتایبەتی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا/ئیسرائیل و ئێران، لەگەڵ بابەتەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، قاچاخچێتیی مرۆڤ و بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

