رووداو - دیجیتاڵ
حکومەتی تورکیا دوو پردە ناسراوەکەی ئیستەنبووڵ، پردی شەهیدانی 15ی تەممووز و پردی فاتیح سوڵتان محەممەد، لەگەڵ هەشت رێگەی خێرا و دوو رێگەی بازنەیی کە درێژییەکەیان زیاتر لە 2,000 کیلۆمەترە، دەخاتە چوارچێوەی پرۆگرامێکی 30 ساڵەی تایبەتکردنەوە. وەزارەتی دارایی دەڵێت: "فرۆشتن نییە، بەڵکو گواستنەوەی مافی بەڕێوەبردنە".
بەپێی بڕیارێک کە رۆژی شەممە 5ی ئەیلوولی 2026 لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیادا بڵاوکرایەوە، پرۆگرامەکە کارەکانی چاککردنەوە، بەڕێوەبردن و خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بەو پرد و رێگایانە دەگرێتەوە، بەڵام خاوەنداریێتییان وەک خۆی بۆ دەوڵەت دەمێنێتەوە. پرۆسەکە بڕیارە تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2031 تەواو بکرێ.
بریارەکە ئەم پرۆژانە دەگرێتەوە: پردی شەهیدانی 15ی تەممووز، پردی فاتیح سوڵتان محەممەد، رێگەی خێرای ئەدیرنە-ئیستەنبووڵ-ئەنقەرە، رێگەی خێرای پۆزانتی-تارسوس-مێرسین، رێگەی خێرای تارسوس-ئەدەنە-دیلۆک، رێگەی خێرای تۆپراککالە-ئەسکەندەروون، رێگەی خێرای دیلۆک-رووها، رێگەی خێرای ئیزمیر-چەشمە، رێگەی خێرای ئیزمیر-ئایدن و چەند رێگەیەکی دیکە.
بەڕێوەبەرایەتیی بەتایبەتکردن لە وەزارەتی دارایی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئەم بریارە فرۆشتنی سامانی گشتی نییە و خاوەنداریێتی هەر بۆ دەوڵەت دەمێنێتەوە، بەڵکو تەنیا مافی بەڕێوەبردن بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەگوازرێتەوە بۆ کەرتی تایبەت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: "ئامانجی سەرەکی بەدەستهێنانی داهات نییە، بەڵکو باشترکردنی کواڵیتیی خزمەتگوزاری، خێراکردنی چاککردنەوە و وەبەرهێنان، هەروەها بەرزکردنەوەی کارایی بەڕێوەبردنە."
بەڵام بەشێک لە ئابووریناسان رەخنە لە بڕیارەکە دەگرن. ئابووریناس کەریم رۆتا دەڵێ، ئەم پرد و رێگەیانە داهاتێکی زۆریان هەیە و فرۆشتنیان وەک "سەربڕینی ئەو مریشکەیە کە هێلکەی زێڕین دەکات."
بەڕێوەبەرایەتیی بەتایبەتکردن لە وەزارەتی دارایی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە رێگە خێراکان ساڵانە 600 ملیۆن دۆلار قازانج و لە 30 ساڵدا 18 ملیار دۆلار داهاتیان دەبێت؛ هەروەها جەختی کردەوە کە هیچ بڕیارێک نییە بۆ گۆڕینی رێگە خۆڕاییەکان بۆ رێگەی (بەپارە)، یان بەرزکردنەوەی نرخی بەکارهێنانی رێگاخیراکان.
ئەگەرچی حکومەتی تورکیا دەڵێت ئەم بریارە بۆ باشتر کردنی خزمەتگوزارییە، بەڵام بەرەی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان ئەم بریارە بۆ کورتهێنانی بودجە دەگەڕێننەوە کە حکومەت پەنای بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی داهاتی نوێ بردووە.
لە بەرنامەی مەودا مامناوەندی ئابووری حکومەتی تورکیادا، ئامانجی داهاتی بەتایبەتکردن بۆ ساڵی 2026 بۆ 185 ملیار لیرە بەرزکراوەتەوە.
کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی بیانی لە پورتوگال، ئیسپانیا، فەرەنسا، کۆریای باشوور و چین، لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی ناوخۆی تورکیا، ئارەزووی خۆیان بۆ کڕینی مافی بەڕێوەبردنی ئەم پرۆژانە نیشانداوە.
پردی شەهیدانی 15ی تەممووز، یەکەم پردی سەر تەنگەی ئیستەنبووڵە و لە ساڵی 1973 و پردی فاتیح سوڵتان محەممەد دووەم پردە و لە ساڵی 1988ـەوە کراونەتەوە. بەشێکن لە تۆڕی رێگە خێراکانی نێوان ئەورووپا و ئاسیا.
بەپێی داتاکانی ساڵی 2025، رۆژانە تێکڕا زیاتر لە 424 هەزار ئۆتۆمبێل بە هەردوو پردەکەدا هاتووچۆیان کردووە.

.jpg&w=3840&q=75)
