رووداو - دیجیتاڵ
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی دەڵێ، پارتەکەی دەچێتە قۆناخێکی نوێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دوای چەند مانگێکی دیکە لە رێگەی کۆنگرەیەکی دیکەوە بزووتنەوەی کۆماری دیموکراسی دروست دەکەن.
ئەمرۆ یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026 کۆنگرەی ئاسایی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو.
پەروین بوڵدان دوای دەنگدانی لە کۆنگرەکەدا گوتی، تورکیا پێویستییەکی زۆری بە ئاشتیی کۆمەڵایەتییە و هەنگاوەکانی ئەم پرۆسەیەش دەستیان پێکردووە.
بوڵدان ئاماژەی بەوەش دا پێویستە قۆناخە نوێیەکان بە بێ قەیران و ئاستەنگ بەڕێوە بچن بۆ ئەوەی ئەو ئاشتییەی کۆمەڵگە شایستەیەتی بەدەست بێت.
ئەم لێدوانەی بوڵدان هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی دەم پارتی بۆ خۆڕێکخستنەوەی سیاسی و گۆڕینی ستراتیژیەتی کارکردنی.
راگەیاندنی پرۆژەی (بزووتنەوەی کۆماری دیموکراسی) هەوڵێکی نوێیە بۆ کۆکردنەوەی ژمارەیەک هێز لە دەوری چەمکی ئاشتی و مافی هاووڵاتیبوونی یەکسان لە تورکیا.
بریار وایە لە چەند مانگی داهاتوودا دەم پارتی لەرێگەی کۆنگرەیەکی فراوانتر گۆرانکاری ریشەیی لە ناو، پێکهاتە و پەیڕەوی نێوخۆی پارتەکەدا بکات بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئامانجی (بزووتنەوەی کۆماری دیموکراسی) لە قۆناخی داهاتوودا.

.jpg&w=3840&q=75)
