رووداو دیجیتاڵ
زەکەریا یاپیجیئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) دەڵێ، ئەگەر برایەتییەکی راستەقینە لە تورکیا بێتە ئاراوە و یەکڕیز بن، دەتوانن بەسەر هەموو کێشەکانی وڵاتدا زاڵ بن؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە نابێ پرۆسەی چارەسەری لە چوارچێوەی چەکدانانی گەریلاکان بووەستێت، بەڵکو دەبێت بنەماکانی دادپەروەری و برایەتی جێگیر بکرێن.
پێنجەمین کۆنفرانسی لقی رێکخستنەکانی هوداپار لە پارێزگای بورسای تورکیا بە بەشداری زەکەریا یاپچیئۆغلۆ، سەرۆکی حیزبەکە بەڕێوەچوو.
یاپچیئۆغلۆ لە گوتارێکدا گوتی، هەوڵ دەدەن بۆ بڵاوکردنەوەی تێگەیشتنی برایەتی لە سەرتاسەری تورکیادا و گوتی: "وەک دەزانن پرۆسەیەک لە وڵاتدا هەیە کە بە ناوی فەرمیی 'تورکیای بێ تیرۆر' دەناسرێ. ئێمەش پێی دەڵێین 'پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە'، بەڵام ئەم پرۆسەیە نابێت تەنیا بە داخستنی کەوانەی تووندوتیژی کۆتایی بێت، بەڵکو دەبێت یاسای برایەتیش بچەسپێندرێ."
سەرۆکی هوداپار پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆسەی چارەسەری دەربڕی و رایگەیاند: "ئەگەر برایەتییەکی راستەقینە بێتە ئاراوە و یەکڕیز بین، دەتوانین بەسەر هەموو کێشەکانی وڵاتدا زاڵ بین. کارێکی ئەستەم نییە، پێشتریش کردوومانە و دەتوانین دووبارەی بکەینەوە."
یاپیجیئۆغلۆ باسی لە گرنگیی دادپەروەری کرد و گوتی: "پشتیوان بە خودا هەموو کێشەکانمان لەسەر بنەمای دادپەروەری چارەسەر دەکەین. هیوادارم ئەو رۆژانە ببینین کە دەگەڕێینەوە سەر رەسەنایەتی خۆمان و لەسەر پێی خۆمان دەوەستین، تا ببینە هیوای رزگاری بۆ هەموو ستەملێکراوانی جیهان."
رۆژی 24ـی ئابی 2026، لیژنەی بەدواداچوون و هاوئاهەنگی کە لەژێر چەتری یاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) پێکهێندرا، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد. مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.
رۆژی 10ـی ئابی 2026، پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پرۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.
پەسندکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە دوای نزیکەی ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری هات، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران.
پرۆژەیاساکە لە 12 مادە پێکهاتووە و لەژێر ناوی پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی پێشکێشکرابوو.
رۆژی 17ـی ئابی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا واژۆی لەسەر یاساکە کرد و لە 18ـی ئابی 2026 لە رۆژنامەی فەرمیی وڵاتدا بڵاوکرایەوە و چووە واری جێبەجێکردنەوە.


