رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، هەوڵدەدەن شەڕ لە وڵاتەکەیان کۆتایی پێبهێنن؛ ئاماژە بەوەشدەکات کە ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە وزەی تورکیا لەبری پێکدادان و شەڕ، بۆ گەشەپێدان و بەرهەمهێنان ئاراستە بکەن.
رۆژی هەینی، 28ـی ئابی 2026، مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە ئەنقەرە لە رێوڕەسمی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی جەندەرمە بەشداریکرد.
وەزیری ناوخۆی تورکیا لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە هەوڵێکی چڕوپڕدان بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەیەک کە 40 ساڵە بەرۆکی وڵاتەکەیانی گرتووە؛ گوتیشی: "ئامانجمان ئەوەیە تورکیا لەم کێشە نیو سەتەییە رزگار بکەین و ئەو بەربەستانە تێکبشکێنین کە تیرۆر لەبەردەم برایەتیمان دروستیکردووە."
مستەفا چیفتچی رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە تورکیا هەموو هێزی خۆی بۆ ئاوەدانی بەکاربهێنێت و رایگەیاند: "دەمانەوێت وزەی وڵاتەکەمان نەوەک بەرەو تووندوتیژی و پێکدادان، بەڵکو بەرەو گەشەپێدان، بەرهەمهێنان و ئامانجە باڵاکانی تورکیایەکی مەزن ئاراستە بکەین."
سەبارەت بە چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، وەزیری ناوخۆ گوتی، بەردەوام دەبن لە کارەکانیان تاوەکو گەیشتن بە ئەنجامێکی یەکلاییکەرەوە.
رۆژی 24ـی ئابی 2026، (لیژنەی بەدواداچوون و هاوئاهەنگی) کە لەژێر چەتری یاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) پێکهێندراوە، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.
رۆژی 10ـی ئابی 2026، پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پرۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.
پەسەندکردنی ئەم یاسایە دوای نزیکەی ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری دێت، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران.
پرۆژەیاساکە لە 12 ماددە پێکهاتووە و لەژێر ناوی (پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) پێشکێشکرابوو.
رۆژی 17ـی ئابی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا واژۆی لەسەر یاساکە کرد و لە 18ـی ئابی 2026 لە رۆژنامەی فەرمیی وڵاتدا بڵاوکرایەوە و چووە واری جێبەجێکردنەوە.


