رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی وانی باکووری کوردستان دەڵێ، دامەزراوەکانی رۆژئاوای کوردستان لە سووریای نوێدا بەرەو "هەڵوەشاندنەوە" دەبرێن؛ داواش لە کوردی ئەو پارچەیەی کوردستان دەکات هیچ پۆستێک لە دەسەڵاتی نوێی سووریادا وەرنەگرن.
ئەمڕۆ هەینی 28ـی ئابی 2026، سینان چیفتیورەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، ئامانجەکانی "یەک دەوڵەت، یەک سوپا، یەک پەرلەمان و یەک ئاڵا" لە سووریادا خەریکە تەواو دەبن، بەمەش خۆبەڕێوەبەریی دامەزراوە سەربازی و سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان کۆتاییان پێ دەهێندرێ.
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی ئاماژە بەوە دەکات، حکومەتی ئێستای سووریا دژی ناساندنی کورد وەک "نەتەوە" دەوەستێتەوە و دەیەوێ زمانی کوردی تەنیا وەک "وانەی بژاردە" بسەپێنێت و نووسیویەتی: "تا ئەم تێڕوانینە نەگۆڕدرێ، نابێت کەسایەتییە کوردەکان بەشداری لە بەڕێوەبردنی وڵات بکەن."
سەبارەت بە ئەگەری وەرگرتنی پۆستی کارگێڕی لەلایەن هاونیشتمانییانەوە لە دیمەشق، چیفتیورەک نووسیویەتی: "دامەزراندنی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە وەک راوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆمار و وەستانی لە تەنیشت محەممەد بەشیر (سەرۆکوەزیرانی نوێی سووریا) لە رووی سیاسییەوە شکاندنی شکۆیە."
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، وەرگرتنی ئەم جۆرە پۆستانە دەبێتەهۆی دابڕینی مەزڵووم عەبدی لە کایەی سیاسی و ئەمەش رێک ئەو "هەوڵ و خولیایەیە تورکیا دەمێکە هەوڵی بۆ دەدات."
سینان چیفتیورەک باس لەوە دەکات کە پێویستە کورد لەم قۆناخەدا دەست بە "هێڵە سوورەکانەوە" بگرێت کە بریتین لە:
یەکەم: ناساندنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە دەستووردا.
دووەم: خوێندنی زمانی کوردی بە ناچاری لە قۆناخی سەرەتایییەوە تاوەکو زانکۆ.
چیفتیورەک هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەگەر حکومەتی نوێی سووریا لەسەر ئەم دوو پرسە هەڵوێستی نەگۆڕێ، پێویستە مەزڵووم عەبدی، ئیلهام ئەحمەد و تەواوی سیاسەتڤانانی کورد بایکۆتی حکومەت و دەسەڵاتی سووریا بکەن."
بەپێی مەرسوومێکی کۆماری ژمارە 164 لە رۆژی 27ـی ئابی 2026، کە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە واژۆی کردووە، مستەفا خەلیل عەبدی (مەزڵووم عەبدی) بە راوێژکار لە سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا دامەزرا.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە شەوی رابردوو، 27ـی ئابی 2026، حکومەتی سووریا زمانی کوردی وەک "زمانێکی نیشتمانی" خستە نێو پڕۆگرامی خوێندنەوە. محەممەد عەبدولرەحمان ترکو، وەزیری پەروەردە و فێرکردنی سووریا بڕیارێکی تایبەت بە هەموارکردنەوەی رێنماییە جێبەجێکارییەکانی مەرسوومی ژمارە 13ـی ساڵی 2026 دەرکرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئامانج لەم بڕیارە "پاراستنی مافە زمانەوانی و کولتوورییەکان و بەهێزکردنی فرەچەشنییە لە سووریا."
هەروەها لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، ئیبراهیم عولەبی، نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو، گوتی: "لەمەودوا کورد دەبنە بەشێکی سەرەکی لە دەوڵەت و پۆستی باڵایان لەنێو هێزە چەکدارەکان، حکومەت و پەرلەمان دەبێت. ئێمە هەرگیز دووژمنایەتیی کوردمان نەکردووە، تەنیا جیاوازیی بۆچوون هەبووە و ئێستاش پێکەوە سووریای نوێ بەرەو پێش دەبەین."


