کۆسار عوسمان
رووداو-هەولێر
دوو وەزیری تورکیا ئەمشەو ئامادەی یەکەمین یاریی ئامەدسپۆر لە خولی نایاب دەبن؛ پەیامی پێکەوەبوون و برایەتی دەدەن.
چاوەکان لەسەر ئامەدسپۆرن کە کاژێر 9:30ی ئەمشەو 16-8-2026 لە یەکەمین یاریی مێژوویی ئەو یانەیەدا رووبەڕووی یانەی ئەرزەڕۆم سپۆر دەبێتەوە.
هەریەک لە مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆ و عوسمان ئاشکن باک، وەزیری وەرزش و لاوانی تورکیا لە ئامەدی باکووری کوردستان، ئامادەی یارییەکەی نێوان ئامەدسپۆر و ئەرزەڕۆم سپۆر دەبن.
"پەیامی پێکەوەیی و برایەتی"
دوو وەزیرەکە بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاند، ئامانجی چوونیان بۆ ئامەد، دووپاتکردنەوەی پەیامی پێکەوەبوون و برایەتییە.
هەردوو وەزیر لەگەڵ جەماوەری یانەی ئەرزەڕۆم دەگەنە ئامەد و لە شوێنی هاندەرانی ئەرزەڕۆمەوە سەیری یارییەکە دەکەن.
یارییەکە بۆ ئامەدسپۆر یەکجار گرنگە، بەتایبەتی کە ئامەدسپۆر لە دوو ساڵی رابردوودا خولەکانی پلە دوو و پلە یەکی تورکیای بڕی و ئێستاش لە باڵاترین خولی تۆپی پێی تورکیا (سوپەرلیگ) یاری دەکات.
لە ئامەد رێکاری ئەمنی گیراوەتە بەر و ئامادەیی بۆ پێشوازی لە دوو وەزیری وڵاتەکە تەواوکراوە.
ئامەدسپۆر بەرپرسانی پارت و لایەنە جیاوازەکان کۆدەکاتەوە
بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە ژمارەیەک بەرپرس و کەسایەتی لە ئامەدی باکووری کوردستان لە خوانێک بە ناوی (خوانی دۆستانە) کۆدەبنەوە و چەند بابەتێک تاوتوێ دەکەن.
ناهید ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر؛ ئەحمەد داڵ، سەرۆکی یانەی ئەرزەڕۆم سپۆر؛ موراد زۆرڵوئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد؛ سەرهەد ئەرەن، پەرلەمانتاری دەم پارتی؛ سونا کەپئۆغڵو ئاتامان، پەرلەمانتاری ئاکپارتی؛ محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد و چەند بەرپرسێکی دیکە بەشداری لەو خوانەدا دەکەن.
یارییەکە لە کام کەناڵ پەخش دەکرێ؟
یارییەکە راستەوخۆ لە کەناڵی (beIN Sports 2) پەخش دەکرێ؛ هەروەها چاوەڕێ دەکرێ لە چەند ماڵپەڕێکی تورکیا و باکووری کوردستان پەخش دەکرێ.
یارییەکە بە شێوەی دەنگ لە رادیۆی تەرەتە1 و رادیۆی دەنگی تورکیا بە دەنگ پەخش دەکرێ و خەڵک دەتوانن گوێ لە کۆمێنتارییەکەی بگرن.
فەنەرباخچە دۆڕا و گەڵاتاسارای یەکسان بوو
لە یەکەمین هەفتەی وەرزی ئەم ساڵی خولی نایابی تورکیادا رۆژانی هەینی و شەممە پێنج یاری بەڕێوەچوون.
یانەی گاڵاتاسارای لەگەڵ یانەی چۆروم بە دوو گۆڵ یەکسان بوو؛ هەروەها یانەی فەنەرباخچە بە ئەنجامی 2-1 بە یانەی یەکێتیی لاوان (گەنچلەر بیرلیغی) دۆڕا.
ئەو دوو یانەیە زۆرترین رکابەری لە خولی سوپەرلیگی تورکیادا دەکەن و زۆربەی ساڵەکان ئەوان پاڵەوانن. هەروەها یانەی بێشیکتاش بە هەمان شێوە یەکێک لە یانە بەهێزەکانە. بێشیکتاش ئەم شەو لە یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی ئەیوب سپۆر دەبێتەوە.
ئامەدسپۆر
یانەی ئامەدسپۆر، ساڵی 1972 دامەزراوە و درێسەکەی تێکەڵەی رەنگەکانی سوور، سەوز، سپییە.
سەرەتا لەژێر ناوی (مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر) بەشداری لە خولە میللییەکانی ئامەد دەکرد.
ساڵی 1990 لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدرا و ناوەکەی بۆ (یانەی شارەوانیی دیاربەکر) گۆڕدرا.
ساڵی 2006-2007 توانی لە خولی پلە سێ خۆی بگەیێنێتە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا.
رۆژی 28-10-2014 لە کۆنگرەیەکدا ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ئامەدسپۆر.
وەرزی 2023-2024 بووە پاڵەوانی خولی یانە پلە سێیەکانی تورکیا و خۆی گەیاندە خولی یانە پلە دووەکان.
وەرزی 2024-2025 بووە پاڵەوان و گەیشتە خولی یانە پلە یەکەکان.
وەرزی 2025-2026یش بووە پاڵەوان و گەیشتە خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ).



