رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لە 25 ساڵیادی دامەزراندنی ئاکپارتیدا، لە بابەتێکدا دەڵێت، تورکیا بووەتە وڵاتێک ئامانجەکانی خۆی دیاری دەکات، متمانەی بە تواناکانی خۆی هەیە و بە ویستی خۆی داهاتووی هەڵدەبژێرێت.
رۆژی هەینی، 14ـی ئابی 2026، نووسینەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بە ناونیشانی (ئاکپارتی؛ چیرۆکی وەرچەرخانی چارەکە سەدەیەک لەگەڵ گەل) بڵاوکرایەوە.
ئەردۆغان ئاماژە بەوە دەکات کە 25 ساڵ پێش ئێستا کاتێک ئاکپارتییان دامەزراند، رێگەیەکی درێژخایەنیان بۆ رێکخستنەوەی داهاتووی تورکیا دەستپێکرد، کە ئامانجیان خستنەخزمەتی بێبەرامبەری سیاسەت بوو بۆ خەڵک؛ هەروەها ئامانجیان بەهێزکردنی متمانەی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتی، گۆڕینی تورکیا بۆ وڵاتێکی بەهێزتر بوو.
ئەردۆغان دەڵێت: "چارەکە سەدەی تەمەنی ئاکپارتی وەڵامدەرەوەی وەرچەرخانێکی مێژوویی بووە بۆ تورکیا. لەم ماوەیەدا دیموکراسی بەهێز بوو، توانای خزمەتگوزاریی دەوڵەتمان گەشەی کرد و بەشداریی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە ژیانی گشتیدا زیاتر بوو. تورکیا بووەتە وڵاتێک ئامانجەکانی خۆی دیاری دەکات، متمانەی بە تواناکانی خۆی هەیە و بە ویستی خۆی داهاتووی هەڵدەبژێرێت. لە هەوڵی کودەتاکەی 15ـی تەممووزدا، گەلەکەمان بە پاراستن و خاوەندارێتیکردن لە ویستی هەڵبژێردراو نیشانی دا کە هیچ هێزێکی دەرەوەی سندووقەکانی دەنگدان ناتوانێت ئاراستەی داهاتووی تورکیا دیاری بکات. ئەمەش بووە خاڵێکی یەکلاییکەرەوە لە بەهێزبوونی دیموکراسیمان."
سەرۆککۆماری تورکیا لە باسی دەستکەوتەکانی پارتەکەی لە بەڕێوەبردنی تورکیادا دەڵێت، وەبەرهێنان لە بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی، گواستنەوە، وزە و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا خزمەتگوزارییەکانیان گەیاندووەتە هەموو سووچێک و بەشداریی سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگەیان بەهێز کردووە.
ئەردۆغان دەڵێت: "هەنگاوەکانمان لە پیشەسازیی بەرگریدا لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە تاوەکو فڕۆکەی جەنگیی کان (KAAN)، کەشتییە جەنگییەکان و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، توانای بەرهەمهێنانی تورکیایان بەهێز کرد. لە قۆناخی داهاتوودا ئەم ئەزموونە دەکەینە بازدانێکی نوێ لە ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای وزەدا."
سەرۆکی ئاکپارتی باسی لە سیاسەتی دەرەوە کردووە و ئاماژە بەوە دەکات: "وەک هاوپەیمانێکی بەهێزی ناتۆ و کارەکتەرێکی سەرەکی لە دەریای رەشەوە تاوەکو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، بەشداری لە ئاشتیی ناوچەکە دەکەین. داواکارییەکەمان 'جیهان لە پێنج گەورەترە' کرۆکی پێشنیازەکەمانە بۆ ئەوەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانەتر پێشکێش بکەن."
ئەردۆغان بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتی مەرەشی باکووری کوردستانی وەبیرهێناوەتەوە و نووسیویەتی: "لە یەکەم ساتەوە تەواوی تواناکانی دەوڵەتمان خستەگەڕ. ئەمڕۆ ئاستێکی گرنگمان بڕیوە لە بنیاتنانەوەی شارەکانمان و بە پێداگرییەوە بەردەوامین لە کارەکانمان."
بە ئاماژەدان بەوەی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ خەڵک وایکردووە ئاکپارتی بە بەهێزی بمێنێتەوە، ئەردۆغان رایگەیاند: "لە قۆناخی داهاتووشدا پێداگرانە بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان و گەشەپێدانی بەرهەمهێنان، وەبەرهێنان و رەخساندنی هەلی کار بۆ تورکیایەک کە داهاتوویەکی دادپەروەرانەتر بۆ گەنجانمان بڕەخسێنێت."
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لە ئامانجی تورکیایەکی خاوەن دیموکراسیی بەهێز، ئابووریی بەرهەمهێن و سیاسەتی دەرەوەی کاریگەر کردووەتەوە و نووسیویەتی: "25ـەمین ساڵیادی ئاکپارتی، ئاستێکی مێژووییە کە تێیدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەزموونی رابردوو دەکەین و نەخشەڕێگەی قۆناخی نوێ دەخەینەڕوو. لەم رێبازەی لەگەڵ گەلی ئازیزماندا دەستمان پێکردووە، بە زیندووهێشتنەوەی ویستی چاکسازی و تیشکخستنە سەر داهاتوو، پێداگرانە بەردەوام دەبین لە رێبازەکەمان."
ئاکپارتی لە 14ـی ئابی 2001 دامەزرا، لە هەڵبژاردنی سێی تشرینی دووەمی 2002 لە کۆی 400 کورسیی پەرلەمان، 365 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا و بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا. 25 ساڵە پارتی دەسەڵاتدارە. تاوەکو ئێستا هەشت کۆنگرەی ئاسایی و چوار کۆنگرەی نائاسایی رێکخستووە.



