رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، پڕۆسەی چارەسەری بەرەو کۆتایی دەچێت و بەم پڕۆسەیە وڵاتەکەیان دەستبە سەردەمێکی نوێ دەکات.
رۆژی هەینی، 7ـی ئابی 2026، ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا لەکاتی سەردانێکی بۆ پارێزگای ئیدر لە باکووری کوردستان، گوتی، "پەنا بەخوا و بە هەڵوێستی ژیرانەی میللەتەکەمان، دۆسیەی تیرۆر دادەخرێت و بۆ وڵاتەکەمان لاپەڕەیەکی سپی هەڵدەدرێتەوە."
وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بە قۆناخی ئێستای پڕۆسەکە کرد و ئەم پڕۆسەیەی بە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی دەوڵەت وەسفکرد و گوتی، "ناوچەکەمان 40 ساڵە بەهۆی بەڵای تیرۆرەوە رووبەڕووی ئاستەنگی مەزن بووەتەوە، بەڵام ئێستا ئێمە گەیشتووینەتە خاڵێک کە هەموو لایەنە سیاسییەکان خاوەنداری لەم پڕۆسەیە دەکەن و میللەتەکەمان پڕۆسەکە لەئامێزدەگرێت. بە سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە، تورکیا هەموو وزەی خۆی دەداتە گەشەپێدانی ئابووری، ئارامی و خۆشگوزەرانیی ناوچەکە."
وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بە گرنگیی هاوئاهەنگیی سیاسی لەنێو پڕۆسەکەدا کرد و گوتی، "بەسەرۆکایەتی و بڕیاری سەرۆککۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان، بە ماندووبوون و بەشداریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و بە پشتیوانیی پەرلەمان، وڵاتەکەمان هەنگاو بەرەو سەردەمێکی نوێ دەنێت. پەنا بەخوا و بە هەڵوێستی ژیرانەی میللەتەکەمان، دۆسیەی تیرۆر دادەخرێت و بۆ وڵاتەکەمان لاپەڕەیەکی سپی هەڵدەدرێتەوە."
ئاکن گورلەک پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی ئیدریش کرد و گوتی، "سوپاسی خەڵکی ئیدر دەکەم کە سەرباری هەموو گوشارەکان، بە تورک، کورد و ئازەرییەکانییەوە، بە برایەتیی نێوانیان خاوەندارییان لە ئایندەی وڵات کرد."



