رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا (TPAO) کە وەک "بڕبڕەی پشتی کەرتی وزەی تورکیا" دەناسرێت، لە ساڵی 1954ـەوە ئەرکی گەڕان، دۆزینەوە و بەبازاڕکردنی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئەو وڵاتەی لەئەستۆ گرتووە. ئەم کۆمپانیایە کە ئێستا 89٪ـی کۆی بەرهەمی نەوت و گازی تورکیا دابین دەکات، تەنیا دامەزراوەیەکی نێوخۆیی نییە، بەڵکو بووەتە چەتری سەرەکی بۆ چەندین کۆمپانیای زەبەلاحی وەک (BOTAŞ) و (TÜPRAŞ) و (PETKİM).
دامەزراندنی کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا خاڵێکی وەرچەرخانی ریشەیی بوو لە سیاسەتەکانی وزەی تورکیادا. لە دەیەکانی دوای دامەزراندنیدا، تەنیا وەک کۆمپانیایەکی گەڕان و بەرهەمهێنان نەمایەوە؛ بەڵکو بووە دامەزرێنەری پیشەسازیی پترۆکیمیایی و پاڵاوگەکانی تورکیاش.
دامەزراوەکانی گەڕان و دەرهێنان و دابەشکردن و گواستنەوەی وزە کە ئەمڕۆ لە تورکیا کار دەکەن؛ وەک کۆمپانیای هاوبەشی گواستنەوەی نەوت بە هێڵی بۆری (BOTAŞ)، کۆمپانیای هاوبەشی پاڵاوگەکانی نەوتی تورکیا (TÜPRAŞ)، کۆمپانیای پترۆکیمیایی (PETKİM) و کۆمپانیای هاوبەشی بەڕێوەبردنی دەریایی و کەشتیوانی (DİTAŞ)، لە بنەڕەتدا لەنێو کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا دروستبوونە و بە تێپەڕبوونی کات بوونەتە دامەزراوەی سەربەخۆ.
کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا ئێستا لەژێر چەتری وەزارەتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیادا درێژە بە چالاکییەکانی دەدات و 89٪ـی نەوت و گازی سرووشتیی تورکیا بەرهەمدەهێنێت.
یەکێک لە دیارترین ئەو تایبەتمەندییانەی کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا لە کۆمپانیا نیشتمانییەکانی دیکەی نەوت لە ناوچەکەدا جیا دەکاتەوە، بریتییە لەو کەشتیگەلە دەریاییە گەورەیەی هەڵکۆڵین و گەڕان بەدوای سەرچاوەی وزە لە قووڵیی دەریادا کە لە 10 ساڵی رابردوودا دروستی کردووە.
ئەم کۆمپانیایە خاوەن سێ کەشتیی نەوەی 56ـەمە بە ناوەکانی (فاتیح، یاڤوز و قانونی) و کەشتییەکی دیکەی نەوەی 57 بەناوی (عەبدولحەمید خان) کە لە قووڵایی 12,200 مەتر لە دەریای رەش و سنوورە ئاوییەکانی تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست سەرقاڵی هەڵکۆڵینن.
لەپاڵ کەشتییەکانی هەڵکۆڵین، دوو کەشتیی رووپێوی و گەڕان بەدوای نەوت و گازی سرووشتی، کە توانای وێنەگرتنی بەرزیان هەیە بە ناوەکانی (باربارۆس خەیرەدین پاشا و ئۆروچ رەئیس) هەیە کە توانای ئۆپەراسیۆنی ژێردەریاییان هەیە لەژێر پەستانی بەرز و پلەی گەرمیی بەرزدا.
کێڵگە گرنگەکانی ئەو کۆمپانیایە لە تورکیا و باکووری کوردستان
کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا خاوەن نەخشەیەکی کارکردنە، لە کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی لەسەر وشکانییەوە تاوەکو کێڵگە گەورەکانی گازی دەریایی و بەردی زەیتی (Shale) و نەوتی قورس لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتدا.
ئەم کۆمپانیایە لە ناوچەکانی باکووری کوردستان، باکوور و ناوەڕاستی تورکیا زیاتر لە 115 بیری چالاکی هەیە.
لە دەریای رەش:
کێڵگەی گازی سرووشتیی سەکاریا
کێڵگەی گازی سرووشتیی ئەماسرا – 1
کێڵگەی گازی سرووشتیی چایجوما – 1
لە باکووری کوردستان:
گابار / شرنەخ
ئێلیهـ
سەمسوور
ئامەد
لە دەرەوەی تورکیا:
بەدرە - مەنسووریە - سیبە - میسان / عێراق
ئازەربایجان
رووسیا
پرۆژەی کێڵگەی گازی سرووشتیی سەکاریا لە دەریای رەش
کێڵگەی گازی سەکاریا کە گەورەترین دۆزینەوەی گازی سرووشتییە لە مێژووی تورکیادا، ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 2020 بە دۆزینەوەی بیری توونا-1 لەلایەن کەشتیی هەڵکۆڵینی فاتیحەوە دەستیپێکرد و کۆی گشتیی یەدەگی سەلمێندراوی گەیاندە 710 ملیار مەتر سێجا.
ئەو گازەی لە چوارچێوەی قۆناخی یەکەمدا بەرهەمدەهێنرێت، بە تۆڕی نیشتمانییەوە بەستراوەتەوە. بڕیارە بە تەواوبوونی قۆناخی دووەم، بەرهەمهێنانی رۆژانە بۆ 40 ملیۆن مەتر سێجا (ساڵانە نزیکەی 15 ملیار مەتر سێجا) بەرزبکرێتەوە. ئەم بڕە نزیکەی تەواوی پێداویستیی گازی ماڵانی تورکیا دابین دەکات.
بە مەبەستی دیاریکردنی توانای نەوت و گازی سرووشتی لە کێڵگەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا کاری گەڕان و هەڵکۆڵینی لە قووڵایی ئاوەکانی مێرسین، ئەنتاڵیا و ئەو کێڵگانەی لەلایەن کۆماری تورکیی باکووری قوبرسەوە مۆڵەتیان پێدراوە کردووە. ئەم چالاکییانە لەژێر سێبەری گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان و ناکۆکییەکانی ناوچە دەریاییەکانی تورکیا لەگەڵ یۆنان و قوبرسی یۆنانی کراوە.
ناوچەی تراکیا و باکووری تورکیا یەکێکە لە ناوچەکانی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتیی کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا. لەڕێگەی پرۆژەکانی گەڕانی قووڵ و چڕ لە کێڵگەکانی تەکیرداغ، کرکڵارئێلی و ئەدیرنە، گازی سرووشتی راستەوخۆ بۆ دامەزراوە پیشەسازییەکانی ناوچەکە دابین دەکات.
کێڵگەکانی نەوت لە چیای گابار
کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا کە لە کێڵگەکانی ئێلیهـ، سەمسوور و ئامەددا نەوتی قورس و مامناوەندی بەرهەمدەهێنا، لە دوای ساڵی 2021ـەوە لە ناوچەی شرنەخ دەستکەوتی مێژوویی تۆمار کردووە.
لە کێڵگەکانی ئەسما چەڤیک و ئایبوکە یالچین لە چیای گابار کە نەوتی خاوی سووکی کوالێتی بەرز 35-41 API بەرهەمدەهێنن، بەرهەمهێنانی رۆژانە لە سنووری 50 هەزار بەرمیل تێپەڕیوە و ئامانجی نزیکی گەیشتنە بە بەرهەمهێنانی 100 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە رۆژێکدا.
لە کێڵگەکانی باتمان و سەمسوور لە رێگەی تەکنیکەکانی هەڵکۆڵینی ئاسۆیی، تەمەنی کێڵگە کۆنەکان درێژ دەکرێتەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە لە نێوان 30 بۆ 35 هەزار بەرمیلدایە.
کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا تەنیا لەنێو سنوورەکانی تورکیادا کار ناکات، بەڵکو لە چەندین پرۆژەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا پشکی هەیە.
گرنگترین پشکەکان لە پرۆژە نێودەوڵەتییەکاندا:
ئازەربایجان (دەریای خەزەر):
لە کێڵگەی گازی (شا دەنیز) خاوەنی 19٪ـی پشکەکانە لەم پرۆژەیەدا کە لەلایەن کۆمپانیای بی پیـیەوە بەڕێوەدەبرێت.
لە کێڵگە نەوتییەکانی (ئازەری-چراغ-گونەشلی) خاوەنی 5.73٪ـی پشکەکانە.
لە بۆریی نەوتی (باکۆ-تەبلیس-جەیهان) خاوەنی 6.53٪ـی پشکەکانە.
عێراق:
کێڵگەی نەوتی بەدرە: کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا بە پشکی 10٪ هاوبەشە لە کۆنسۆرتیۆمێکدا (کۆمەڵەی کۆمپانیاکان) کە لەلایەن کۆمپانیای گازپرۆم نەفتەوە بەڕێوەدەبرێت لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی واژۆکراو لە ساڵی 2010 و تاوەکو ساڵی 2030 بەردەوام دەبێت.
کێڵگەی گازی مەنسووریە: کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا هاوبەشە لە پرۆژەکانی گەشەپێدانی کێڵگەی گاز لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لە ساڵی 2011 لەگەڵ حکومەتی عێراقدا واژۆ کراوە و تاوەکو ساڵی 2036 بەردەوام دەبێت.
پرۆژەی گەشەپێدانی کێڵگەی گازی سیبە: بەپێی رێککەوتنەکە کە لە ساڵی 2011 واژۆ کراوە و تاوەکو ساڵی 2031 بەردەوام دەبێت، کۆمپانیای وزەی کوێت (KEC) وەک بەڕێوەبەری پرۆژەکە خاوەنی 60٪ـی پشکەکانە، لە کاتێکدا کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا خاوەنی 40٪ـی پشکەکانە.
پرۆژەی گەشەپێدانی کێڵگەکانی نەوتی میسان: کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا لە ساڵی 2010، بووە هاوبەشی کۆمپانیای چینی (CNOOC). بەپێی رێککەوتنەکە، کۆمپانیای CNOOC وەک بەڕێوەبەری پرۆژەکە خاوەنی 85٪ـی پشکی وەبەرهێنانەکەیە، لە کاتێکدا کۆمپانیای تورکییەکە خاوەنی 15٪ـی پشکی وەبەرهێنانەکەیە. بەپێی رێککەوتنەکە ئەم هاوبەشییە تاوەکو ساڵی 2030ـیە.
رووسیا و ئاسیای ناوەڕاست:
کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا خاوەن پشکە لە کێڵگەی نەوتی (بایتوگان) لە رووسیا و پرۆژەکانی بۆریی پەڕینەوە لە دەریای خەزەر.
هەروەها بەشدارە لە رێککەوتنی هاوکاریی دووقۆڵی لە بلۆکەکانی گەڕانی بەدوای نەوت و گازی سرووشتی لە کێڵگەکانی وشکانی لە ئۆزبەکستان و کازاخستان.
سۆماڵ و مالیزیا:
کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا خاوەن رێککەوتنی هاوبەشی گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی وزە لە سنوورە ئاوییەکانی سۆماڵ و مالیزیا.
بی پی پشکەکانی کێڵگەی کەرکووک بە TPAO دەفرۆشێت
بەپێی راگەیێندراوێکی کۆمپانیای بی پی، کە رۆژی سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026 بڵاوکراوەتەوە، کۆمپانیاکە رێککەوتووە لەسەر فرۆشتنی 15٪ـی پشکەکانی لە پرۆژەی هاوبەشی گەشەپێدانی کێڵگەی کەرکووک لە عێراق بە کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا.
رێککەوتنەکە لە کاتی سەردانی فەرمیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تورکیا راگەیێندرا. ئەم رێککەوتنە دوای یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوکاریی ستراتیژیدا هات کە لە مانگی شوباتی رابردوودا لە نێوان بی پیی کەرکووک و کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا واژۆکرابوو.
بەپێی ئەم رێککەوتنە، کۆمپانیای بی پیی کەرکووک 43٪ و کۆمپانیای کۆنۆکۆفیلیپس 42٪ و کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا خاوەندارییەتی 15٪ـی پشکەکان دەکەن.



