رووداو دیجیتاڵ شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رۆژی پێنجشەممە 23ی تەممووزی 2026، سەردانی گرتووخانەی دوورگەی ئیمراڵی دەکات، بە مەبەستی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆتاییهاتنی دیدارەکە لەگەڵ ئۆجەلان، شاندەکە راگەیێندراوێک لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانیان بۆ رای گشتی بڵاو بکاتەوە. شاندەکە دواجار لە 24ی ئایاری رابردوودا چاوی بە ئۆجەلان کەوتبوو؛ بەمەش سەردانی ئەمجارە دەبێتە یەکەمین دیداری نێوان هەردوولا دوای دابڕانێکی نزیکەی دوو مانگی. ئەم بڕیارە بۆ رێگەدان بە سەردانیکردنی ئۆجەلان دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی زنجیرەیەک دیداری چڕی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەویی (مەهەپە) لە ئەنقەرە کرد، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر رەشنووسی پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری. پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا چاوەڕێی پرۆژەیاسایەکی تایبەتە بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دوای چەکدانان و خۆڕادەستکردنەوەیان. ئەو پرۆژەیاسایە لەسەر بنەمای راپۆرتی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی دەنووسرێتەوە کە لە مانگی شوباتی 2026 پێشکێشی پەرلەمان کرا.