رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ ئاکپارتی و مەهەپە، ئامانجیانە لە کورتترین ماوەدا سەردانی ئیمراڵی بکەن و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببنەوە.
شاندەکەی دەم پارتی لە راگەیێندراوێکی نووسراودا ئاماژەی بەو دیدارانە کرد لە چوارچێوەی "پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کردوویانن؛ لەوانە دیداری رۆژی 15ی تەممووز لەگەڵ شاندی ئاکپارتی و دیداری رۆژی 16ی تەممووز لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە).
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی رایگەیاند: "لە دوای ئەم دیدارانەمان، ئامانجمانە لە نزیکترین کاتدا دیدارێک لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکەن". جەختیشیان کردەوە هەوڵەکانیان بۆ رەخساندنی ئەو دیدارە بەردەوام دەبن.
دوایین دیداری شاندی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 24ی ئایاری 2026دا بووە.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ سەرکردەکانی هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) لە ئەنقەرە، گفتوگۆ لەسەر خێراکردنی کارەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە پڕۆسەی چارەسەری کراوە.
چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە (تەممووز)، پڕۆژەیاسای تایبەت بە پڕۆسەی چارەسەری بگاتە پەرلەمانی تورکیا. یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ئەو پڕۆژەیاسایە، دیاریکردنی چارەنووسی گەریلاکانی پەکەکەیە لە قۆناخی دوای چەکدانان و خۆڕادەستکردنەوەیان.



.jpg&w=3840&q=75)