لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیادا ، پێشنیازەکانی هەریەکە لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و ئیی پارتی بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەبارەی دۆسیەی نێوەندگیریی هێڵی بۆریی نەوتی خاوی تورکیا-عێراق و بڕیاری قەرەبووکردنەوەی 1.47 ملیار دۆلار، بە دەنگی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رەتکرایەوە. ناکۆکییەکانی نێوان عێراق و تورکیا لەسەر هێڵی بۆریی نەوتی کەرکووک-جەیهان لە ساڵی 2014ەوە دەستیپێکرد، کاتێک حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە دادگەی نێوەندگیری نێودەوڵەتی لە پاریس (ICC) لە دژی تورکیا سکاڵای تۆمارکرد، بەهۆی رێگەدان بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندیی بەغدا. ئاداری 2023، دادگەکە بڕیاری کۆتایی لە بەرژەوەندیی بەغدا دەرکرد و بەهۆیەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیرا، لەو کاتەوە هەردوولا لە دانوستاندنی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی شایستە داراییەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردە. ئەو بابەتە شەوی رابردوو 14-7-2026 لە پەرلەمانی تورکیا بووە رۆژەڤ. ئۆپۆزیسیۆن رایگەیاند، دادگەی تێهەڵچوونەوەی پاریس تانەکەی تورکیای رەتکردووەتەوە و دەبێت زیانە گشتییەکان لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێت، لە بەرامبەردا ئاکپارتی دەڵێت پرۆسەی نێوەندگیری هێشتا کۆتایی نەهاتووە و بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بۆ قەرەبووکردنەوە لە ئارادا نییە. کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوەچوو. چاوەڕێ دەکرا لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێشنیازەیاسای گۆڕانکاری لە هەندێک یاسادا بکرێت کە بۆ کاراکردنی دەزگای دادوەری ئامادە کراوە و لەنێو رای گشتیدا بە (پاکێجی 12ی دادوەری) دەناسرێت. پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان، جەهەپە و ئیی پارتی دوو پێشنیازی جیاوازیان پێشکێشکرد. پێشنیازەکان داوای لێکۆڵینەوەیان لەبارەی دۆسیەی بۆرییەکانی نەوتی نێوان تورکیا و عێراق دەکرد کە تێیدا تورکیا دۆڕاوە و بڕیاری داوە 1.47 ملیار دۆلار قەرەبوو بدات، بەڵام پێشنیازەیاساکان بە دەنگی ئاکپارتی و مەهەپە رەتکرانەوە. ئۆڵگون: تورکیا دەبێ قەرەبووی 1.47 ملیار دۆلار بداتە عێراق هاکان شەرەف ئۆڵگون، پەرلەمانتاری ئیی پارتی رایگەیاند لە میدیاکاندا هەواڵی پەیوەندیدار بە پرۆسەی نێوەندگیری لە گرێبەستی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا بڵاوکراوەتەوە و گوتی: "دەگوترێ دادگەی تێهەڵچوونەوەی پاریس لە بڕیارێکی رۆژی 10ی ئاداری 2026 تانەکەی تورکیای رەتکردووەتەوە. قەرەبووی 1.47 ملیار دۆلاری، لەگەڵ سوود و خەرجییەکانی دیکە لە تورکیاوە بۆ عێراق بڕاندووەتەوە کە دەگاتە 3 بۆ 3.5 ملیار دۆلار. ئەمە بارگرانییەکی گەورەیە بۆ سەر دەوڵەتی تورکیا. کێ ئەم پارەیە دەدات؟ ئەوانەی واژۆیان لەسەر ئەم بڕیارانە کردووە یان ئەوانەی سوودمەند بوون؟" ئۆڵگون پرسیاری کرد:"بۆچی کێبڕکێ لە پێدانی ئەو کارە بە کۆمپانیاکان نەبوو؟ بۆچی ئەم چالاکییە ستراتیجییەی تورکیا بۆ یەک کۆمپانیا جێهێڵدرا؟ ئەم کۆمپانیایە هی کێیە؟" بۆزان: رۆژێک دێت ئەم پارەیە لەوانە وەردەگیرێتەوە کە واژۆیان کردووە عەلی بۆزان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی مێرسین، گوتارێکی لەسەر دۆسیەی نەوت پێشکێشکرد و رایگەیاند بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا لە رۆژی 18ی تەممووزی 2011 بووەتە هۆی ئەو قەرەبووە و گوتی: "بەرپرسانی ئەم کارە ئەو بەرپرسانەن کە واژۆیان کردووە. وەزیری وزە دەڵێت ئێمە لەگەڵ عێراق پێکهاتووین و قەرزمان لای ئەوانە، بەڵام ئەو قەرزە هی 86 ملیۆن هاووڵاتییە. رۆژێک دێت ئەو ملیارەها دۆلارەی لە گیرفانی خەڵک دەڕوات، لەو کەسانە وەردەگیرێتەوە کە واژۆیان لەسەر بڕیارەکە کردووە." یوکسەل: بڕیاری دادگەکەی پاریس یەکلاکەرەوە نییە جونەیت یوکسەل، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ، لە وەڵامی ئیی پارتیدا گوتی: "ئەو پێشنیازە هەوڵێکە بۆ بە سیاسییکردنی کێشەیەکی یاسایی 50 ساڵەی نێوان تورکیا و عێراق. کۆمپانیای بۆتاش تەنیا کاری گواستنەوەی نەوت دەکات و پەیوەندیی بە فرۆشتنی نەوتەوە نییە. دادگەی نێوەندگیر بڕیاری داوە هەردوو وڵات قەرەبووی یەکدی بکەنەوە. قەرزەکانی تورکیا دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی 1990 و سوودیشیان دەچێتە سەر، بۆیە قەرزەکانی ئێمە زیاتر دەبن. تاوەکو ئێستا بڕیارێکی یەکلاکەرەوە نییە کە کێ چەندی لایە." یاڤوز یڵماز: ئاکپارتی دۆسیەکەی پاریسی دۆڕاند دەنیز یاڤوزیڵماز، پەرلەمانتاری جەهەپە رایگەیاند، ئاکپارتی دۆسیەکەی پاریسی دۆڕاندووە و گوتی: "ئەو بڕیارەی چوار مانگ بوو لە رای گشتی دەشاردرایەوە، دەستمان کەوت. بەهۆی کارە نایاساییەکانی ئاکپارتی لە هێڵی نەوتی عێراق-تورکیا، دادگەی تێهەڵچوونەوەی پاریس تانەکەی تورکیای رەتکردەوە. دەبێت ئەم 1.47 ملیار دۆلارە لە سامانی ئەردۆغان و بەرپرسانی ئاکپارتی وەربگیرێت نەک لە هاووڵاتییان." ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە هەروەها رایگەیاند، بەشێکی سزاکە بەهۆی ئەوەیە کە 233 ملیۆن بەرمیل نەوت بە نرخێکی هەرزانتر فرۆشراوە و گوتی: "بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندی وزەی عێراق، ئەو نەوتە بە نرخێکی هەرزان لەلایەن ئیسرائیل، یۆنان و قوبرسەوە کڕدراوە." ئاکباشئۆغڵو: 1.47 ملیار دۆلار سزا لە ئارادا نییە محەممەدئەمین ئاکباشئۆغڵو، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی رایگەیاند، ئەوەی دەگوترێت تورکیا بە 1.47 ملیار دۆلار سزادراوە، درۆیە.