رووداو-دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD) بۆ ساڵی 2026، تورکیا لە ماوەی نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2025 رێژەی گەشتیارانی نێودەوڵەتی %21 زیادکردووە، بەمەش بووەتە چوارەم وڵات لەسەر ئاستی جیهان کە زۆرترین گەشەکردنی لە راکێشانی گەشتیاراندا لە دوای پەتای کۆرۆنا تۆمارکردووە.
لە راپۆرتەکەدا کە لەژێر ناونیشانی "ئاڕاستەکان و سیاسەتەکانی گەشتوگوزار 2026" بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ژمارەی گەشتیارانی نێودەوڵەتی بۆ وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی OECD لە ساڵی 2025دا بە رێژەی 3.4٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 847 ملیۆن گەشتیار.
لەم پۆلێنکردنەدا، ژاپۆن بە رێژەی %34ی گەشەکردن لە پلەی یەکەم، نەرویج بە %28 لە پلەی دووەم، دانیمارک بە %22 لە پلەی سێیەم و تورکیاش بە رێژەی %21 لە پلەی چوارەمی لیستی ئەو وڵاتانەدا دێت، کە زۆرترین گەشتیاریان راکێشاوە.
فیروز باغلیکایا، سەرۆکی یەکێتیی بریکارەکانی گەشتوگوزاری تورکیا (TÜRSAB) رایگەیاند: "تورکیا خاوەنی ئیکۆسیستەمێکی بەهێزی گەشتیارییە، کە توانیویەتی قەیرانە جیهانی و ناوچەییەکان بەڕێوەببات."
باغلیکایا ئاماژەی بەوەشکرد، لێهاتوویی بریکارەکانی گەشتوگوزار لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا هۆکاری سەرەکیی ئەم خۆڕاگرییەیە.
راپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان کاریگەرییان لەسەر رێڕەوی گەشتە ئاسمانییەکان و تێچووی گەشتیاران دروستکردووە، بەڵام تورکیا توانیویەتی کێبڕکێ بکات و گەشەکردن تۆمار بکات.
تورکیا لە ساڵی 2025 دا پێشوازی لە 52.7 ملیۆن گەشتیار کردووە و داهاتی کەرتی گەشتیاری گەیشتە 65.2 ملیار دۆلار.
لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 17.6 ملیۆن گەشتیار سەردانی تورکیایان کردووە.
تورکیا ئامانجیەتی داهاتی کەری گەشتیاری لە کۆتایی 2026دا بگەیەنێتە 68 ملیار دۆلار.



