رووداو دیجیتاڵ
تورکیا لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا پێشوازی لە 302 هەزار و 487 نەخۆشی نێودەوڵەتی کردووە و 761 ملیۆن و 523 هەزار دۆلار داهاتی لە کەرتی گەشتوگوزاری پزیشکیدا بەدەستهێناوە.
مستەفا ئەرئۆغوت، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یەکێتیی هەناردەکارانی خزمەتگوزاری (HİB) و سەرۆکی کۆمیتەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان رایگەیاند، داهات لە هەر گەشتیارێکی کەرتی تەندروستی بە بەراورد بە هەمان ماوەی پار %39 زیادی کردووە.
ئەرئۆغوت گوتی: "ئامانجی ئێمە بەرزکردنەوەی توانای کێبڕکێی تورکیایە لە خزمەتگوزارییە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ زیادکردنی ژمارەی نەخۆشە بیانییەکان و بەرزکردنەوەی داهاتی هەناردەکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان."
لە نزیکەی 180 وڵاتی جیاوازی وەک ئەڵمانیا، بەریتانیا، عێراق، ئازەربایجان، رووسیا، لیبیا و وڵاتانی کەنداو پێشوازی لە نەخۆش دەکات.
گرنگترین ئەو بوارانەی نەخۆشە بیانییەکان رووی تێدەکەن بریتین لە نەشتەرگەریی جوانکاری، چاندنەوە قژ، چارەسەری ددان، نەخۆشییەکانی چاو، نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە.
ئەرئۆغوت دەڵێت، تێچووی چارەسەر لە تورکیا بەراورد بە ئەورووپا %40 تاوەکو %70 کەمترە، ئەمەشی وەک خاڵێکی بەهێزی کێبڕکێ دانا.
کەرتی گەشتوگوزاری پزیشکی لە تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا گەشەکردنێکی خێرای بەخۆوە بینیوە.
لە ساڵی 2025دا، ژمارەی ئەو کەسانەی بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی سەردانی تورکیایان کردبوو گەیشتە 1 ملیۆن و 398 هەزار و 580 کەس، داهاتی بەدەستهاتووش لەو ساڵەدا 3 ملیار و 22 ملیۆن و 452 هەزار دۆلار بوو.


.jpg&w=3840&q=75)
