رووداو دیجیتاڵ
ئاگری دارستانی ناوچەی میلاسی سەر بە پارێزگای موغڵا لە باشووری رۆژئاوای تورکیا 8 کاژێرە نەکوژێندراوەتەوە، بەهۆی نزیکبوونەوەی ئاگرەکە لە ناوچە نیشتەجێبووەکان و ناوەندەکانی گەشتیاری، 350 هۆتێل و 770 شوێنی گەشتیاری چۆڵکران و 1120 گەشتیار لە ناوچەکە دوورخراونەتەوە.
ئیدریس ئاکبیک، پارێزگاری موغڵا لە کاتی بەسەرکردنەوەی شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، چۆڵکردنەکە وەک رێوشوێنێکی خۆپارێزی بووە و گوتی: "لە ناوچەکەدا کۆمەڵگەی گەشتیاری و هۆتێل هەن. بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانمان هەموو رێوشوێنێکی پێویستمان گرتووەتەبەر. چۆڵکردنەکە بە شێوازێکی کۆنترۆڵکراو بەڕێوەچوو."
پارێزگاری موغڵا راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا 350 هۆتێڵ و 770 شوێنی گەشتیاری چۆڵکراون.
ئاگرەکە لە دوێنی سێشەممە، 14ی تەمووزی 2026 کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بە 12 هێلیکۆپتەر و 8 فڕۆکە بەشدارییان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا کرد. تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دیار نییە و هێزەکانی جەندەرمە لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، لە ساڵی 2025دا 3 هەزار 224 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا روویانداوە و زیار لە 81 هەزار و 473 هێکتار سووتاوە.
ئامارەکانی وەزارەتەکە ئاماژە بەوە دەکەن، 88٪ هۆکاری ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا بەهۆی کەمتەرخەمیەوە بووە.
ناوچە گەشتیارییەکانی باشووری رۆژئاوای تورکیا، لە وەرزی هاویندا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، نزمبوونەوەی رێژەی شێ و چالاکبوونی با، هەمیشە رووبەڕووی مەترسیی بەردەوامی کەوتنەوەی ئاگری دارستان دەبنەوە. لە ساڵانی رابردووشدا چەندین ئاگری هاوشێوە لە دارستانەکانی ناوچەی موغڵا کەوتوونەتەوە کە زیانی گەورەیان بە رووبەری سەوزایی و کەرتی گەشتیاری ناوچەکە گەیاندووە.
.jpg&w=3840&q=75)



