رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی تورکیا بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی پشت رووداوەکانی هێرشکردنە سەر قوتابخانەکان لە پارێزگاکانی رووها و مەرەش لە باکووری کوردستان، کە لەمانگی نیسانی 2026 روویاندا.
لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمان لەم هەفتەیەدا گوێ لە بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی ناوخۆ و نوێنەرانی فەرمیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە تورکیا دەگرێت وەڵامی پرسیارەکانی پەرلەمانتاران دەدەنەوە.
لێژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر قوتابخانەکان، رۆژی سێشەممە، 14ی تەمووزی 2026، 9ـەمین کۆبوونەوەی خۆی کرد.
لەکۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە و ناوخۆ زانیاری لەسەر رووداوەکان پێشکەش بە پەرلەمانتاران دەکەن و باسی ئەو رێکار و پێشنیارانە دەکەن کە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە گرتوویانەتەبەر، بە جۆرێک کە رێکارە ئەمنییەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی خوێندن دروست نەکەن.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیەی لێژنەکە، تایبەت دەبێت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
نوێنەرانی کۆمپانیاکانی وەک ئێکس، گوگڵ، مێتا و تیکتۆک راپۆرتی خۆیان لەسەر ئەو رێکارانە پێشکێش دەکەن کە بۆ پاراستنی منداڵان لە مەترسییەکانی ئینتەرنێت گرتوویانەتەبەر، بەتایبەت پرسی کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی سەر منداڵان و گەنجان تاوتوێ دەکرێت.
لیژنەکە تاوەکو ئێستا 8 کۆبوونەوەی کردووە و ئەندامانی لیژنەکە لەم ماوەیەدا 2 جار سەردانی پارێزگاکانی مەرەش و رووهایان لە باکووری کوردستان کردووە بۆ لێکۆڵینەوەی مەیدانی. لەم چوارچێوەیەدا سەردانی گۆڕی ئەو مامۆستا و قوتابییانەیان کردووە کە لە هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە، لەگەڵ بنەماڵەکانیان کۆبوونەتەوە و زانیارییان لە بەرپرسانی قوتابخانەکان، پارێزگارەکان، مامۆستایان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەرگرتووە.
پرسی ئاسایشی قوتابخانەکان لە تورکیا دوای زنجیرەیەک هێرشی چەکداری و تووندوتیژی لە ناوەندەکانی خوێندندا کە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین مامۆستا و قوتابی، بووە رۆژەڤی سەرەکیی وڵاتەکە. لایەنە پەیوەندیدارەکان و شارەزایانی بواری پەروەردە و دەروونناسی، هۆکاری بەشێک لەم تووندوتیژییانە بۆ بڵاوبوونەوەی ناوەڕۆکی نەشیاو، هاندانی توندوتیژی و یارییە ئەلیکترۆنییە مەترسیدارەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگەڕێننەوە.
پەرلەمانی تورکیا لە رێگەی پێکهێنانی ئەم لیژنە تایبەتەوە دەیەوێت پڕۆژەیاسایەکی نوێ بۆ تووندکردنەوەی چاودێریی سەر پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و زیادکردنی رێکارە ئەمنییەکانی دەوروبەری قوتابخانەکان ئامادە بکات.
چی روویدابوو؟
رۆژی 15-4-2026 لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان، قوتابییەکی پۆلی هەشتەم بە ناوی عیسا ئاراس مێرسینلی، هێرشی کردە سەر قوتابخانەی ناوەندیی ئایسەل چالک کە خۆی لەوێ قوتابی بوو و لە ئەنجامدا 9 قوتابی و مامۆستایەکی کوشت، هەروەها 13 کەسی دیکەشی بریندار کرد.
هەروەها رۆژی 14-4-2026 لە ناوچەی سوێرەگی سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، قوتابییەکی تەمەن 19 ساڵ بە تفەنگ هێرشی کردە سەر قوتابخانەی پیشەیی و تەکنیکیی ئەحمەد کۆیونجو و لە ئەنجامدا 10 قوتابی، 4 مامۆستا، پۆلیسێک و کارمەندێکی فرۆشگەی قوتابخانەکە بریندار بوون.
قوتابییە هێرشکارەکەش بە هەمان تفەنگ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.



