رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتدا لە 7 پارێزگادا، 68 تۆمەتباریان بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە لە رێگەی قومار و گرەوی نایاسایی دەستگیرکرد.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی دژە تاوانە داراییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، لێکۆڵینەوەیەکی فراوانیان بۆ رێگریکردن لە گرەوی نایاسایی و سپیکردنەوەی پارە کرد.
پۆلیس لە رێگەی راپۆرتەکانی دەزگای لێکۆڵینەوە لە تاوانە داراییەکانی تورکیا (MASAK) بۆی دەرکەوتووە، چەند کۆمپانیایەک بە زیاتر لە 76 ملیار لیرە مامەڵەی داراییان هەبووە و ئەو داهاتانەی لە رێگەی قومار، گرەوی نایاسایی و فێڵکارییەوە بەدەستیانهێناوە، تێکەڵی سیستمی دارایی فەرمی وڵاتیان کردووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ئەو پارانەی لەم تاوانانە بەدەستهاتوون، لە رێگەی پسوولەی ساختەوە وەک داهاتی یاسایی پێشکێش کراون و دواتر بۆ شاردنەوەی شوێنپێی پارەکان، گواستراونەتەوە بۆ هەژماری دراوی دیجیتاڵی (کریپتۆ).
لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتدا لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، ئەدەنە، بورسا، دیلۆک، مەرەش، مێرسین و موغلا، 68 تۆمەتبار دەستبەسەر کران.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) رایگەیاند: "لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 78 تۆمەتبار دەرچووە."
پرسی گرەوی نایاسایی و سپیکردنەوەی پارە لە رێگەی دراوە دیجیتاڵییەکانەوە، لە چەند ساڵی رابردوودا بووەتە یەکێک لە مەترسییە گەورەکان لەسەر سیستمی دارایی تورکیا.
بەپێی راپۆرتە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، زۆربەی ئەم تۆڕانە گرێدراوی گرووپە مافیاییەکانن و ساڵانە ملیاران لیرە لە رێگەی ماڵپەڕە نایاساییەکانەوە کۆدەکەنەوە و زیانێکی گەورە لە ئابووری دەدەن.
حکومەتی تورکیا لە رێگەی تووندکردنی چاودێرییەکانی و دەرکردنی یاسای نوێ بۆ رێکخستنی بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان، دەیەوێت رێگری لە گواستنەوەی پارەی رەش و بەکارهێنانی لە چالاکییە تاوانکارییەکاندا بکات.



