رووداو دیجیتاڵ لەوکاتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی سەرۆکایەتیدا پێشوازیی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد، میوزیکی گۆرانییەکی هونەرمەندی کورد ئەحمەد کایا لێدرا کە ئەمە مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێناوە. ترەمپ، کە بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە بوو، دوێنێ چوارشەممە لەکاتی پێشوازیکردنی لە نێو کۆشکی کۆماریی تورکیا لەلایەن ئەردۆغانەوە، بە میوزیکی یەکێک لە گۆرانییەکانی ئەحمەد کایا پێشوازی لێکرا. بەگوێرەی پرۆگرامی سەرۆکایەتیی کۆمار، لەکاتی پێشوازی لە هەر بەرپرسێک چەند میوزیکێکی تایبەت بۆ کاتی ئەو پێشوازییە هەڵدەبژێردرێن. لەوکاتەی ترەمپ و ئەردۆغان بەیەکەوە دەڕۆنە ناو کۆشک و دواتریش ترەمپ تەوقەی یەکترناسین لەگەڵ بەرپرسان دەکات، میوزیکی گۆرانیی کوم گیبی (وەکو لم) بە پیانۆ پەخش کرا. ئەم پێشهاتە لە تورکیا و باکووری کوردستان بووەتە رۆژەڤ و بە چەندین جۆرە لێکدانەوەی بۆ دەکرێت. بەشێک دڵخۆشیی خۆیان نیشان دا بەوەی میوزیکی گۆرانیی هونەرمەندێکی کورد لە پێشوازیی سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی کۆماری لێدراوە، بەڵام بەشێکی دیکە رۆچوونەتە نێو هۆنراوەی ئەو گۆرانییە و دەڵێن، ئەمە مانایەکی لەپشتە. بەتایبەتی کە لە دێڕێکدا دەڵێ: "هەموو شەوێک بۆمب دەبارییە سەر شارەکان، ئێمە بێ وچان یەکدیمان لە باوەش دەکرد." ئەوانەی رەخنە دەگرن، ئەم دێڕە بە بۆردوومانەکەی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە گرێ دەدەن. ئەمە لە کاتێکدایە بە فەرمی هیچ وەڵامێکی ئەم رەخنانە نەدراوەتەوە. گۆرانییەکەی کایا جارێکی دیکە کەوتووەتە رۆژەڤی تورکیا و بەشێکی زۆر لە لاپەڕەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی، دووبارە بڵاویان کردووەتەوە. مانای هۆنراوەکەی گۆرانیی (کوم گیبی) نەورەسەکان لە زبڵدانەکاندا دەگریان من و تۆ پێدەکەنین هەموو شەوێک بۆمب بەسەر شارەکاندا دەباری، ئێمە بێ وچان یەکدیمان لە باوەش دەکرد ئێستا هێندە دڵڕەق مەبە وەک دوێنێ جێم مەهێڵە و مەڕۆ رێگەم بدە لە قاچەکانت بئاڵێم وەکو لم مەمشێلە و جێمبهێڵیت پاییز بەسەر سەربانەکانماندا دڵۆپەی دەکرد ئێمە لەگەڵ تۆ زەرد هەڵدەگەڕاین هەتا ئەو رووخسارە چڵکنانە رۆشن ببنەوە ئێمە بێوچان دەجەنگاین گۆرانیی کوم گیبی تێکست و ئاوازی گۆرانییەکە لەلایەن ئەحمەد کایا خۆیەوە نووسراوە و ئامادە کراوە. گۆرانیی کوم گیبی بەرهەمێکی ئاسایی نییە. تەنانەت دوای تێپەڕینی نزیکەی 30 ساڵ، لەلایەن دەیان گۆرانیبێژی تورک، کورد و بیانییەوە گوتراوەتەوە و لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبی و سیاسییەکاندا دەبیسترێت. لە هەرێمی کوردستانیش لەلایەن چەند گۆرانیبێژێکەوە بە شێوەزاری سۆرانی گوتراوەتەوە و ئاوازەکەشی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئاشنایە. گۆرانیی کوم گیبی ساڵی 1994 لە نێو ئەلبوومی (گۆرانییەکانم بۆ چیاکانە) بڵاوکرایەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. ئەو ئەلبوومەی ئەحمەد کایا یەکێک لە پڕفرۆشترین ئەلبوومەکانی مێژووی میوزیکی تورکیا و باکووری کوردستان بوو کە نزیکەی 2.8 ملیۆن دانەی لێ فرۆشرا. چارەنووسی رەشی ئەحمەد کایا ئەحمەد کایا لە شەوەئاهەنگێکدا لە شوباتی 1999 کاتێک خەڵاتی باشترین ھونەرمەندی ساڵی پێ بەخشرا رایگەیاند، لە ئەلبوومی داھاتوویدا گۆرانییەك بە زمانی کوردی دەڵێ، ئەوەش ژیانی کایای بە تەواوەتی گۆڕی. بەشێک لەو هونەرمەندە شۆڤێنییانەی لەوێ ئامادەبوون، چەتاڵیان لە کایا گرت و دژایەتییان کرد. دوای ساڵانێک ئەو هونەرمەندانە هەوڵی خۆڕزگارکردنیان لە بابەتەکەدا دا و لێرە و لەوێ دەیانگوت: "ئێمە لەوکاتەدا لە ژوورەوە نەبووین." هەڵوێستی ئاکپارتی لەمەڕ ئەحمەد کایا ئاکپارتی کە ساڵی 2002 جڵەوی دەسەڵاتی تورکیای گرتە دەست، رەخنەی تووندی بەرامبەر بەو رووداوانەی ساڵانی رابردوو دەربڕی. بەرپرسانی ئاکپارتی بەردەوام رەخنەی تووند لە دەسەڵاتەکانی پێشوو دەگرن و دەڵێن کە ئەحمەد کایا ستەمی لێکرا. رەجەب تەیب ئەردۆغان ساڵی 2013 کە ئەوکات سەرۆکوەزیران بوو، لەبارەی ئەو شەوەئاهەنگەی هێرش کرایە سەر ئەحمەد کایا رایگەیاند، دەبێ ئەو کەسانە باجی ئەو کارە بدەن کە بەرامبەر ئەحمەد کایا کردیان. هەروەها گوتی: "لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکاندا هێرشیان کردە سەر ئەحمەد کایا. کێ هێرشی کرد؟ کێ لە پارکی گەزی هێرشی کردە سەر ئێمە، هەر ئەوان هێرشیان کرد. جا دەڵێن 'من ئەوکاتە لە توالێت بووم' یان 'من ئەوکاتە لە دەرەوە بووم'؛ کوڕە هەمووتان لەوێ بوون! لە تۆماری کامێراکاندا هەمووتان دەبینین. مۆمی درۆزن تاوەکو کاتی خەوتنان دەسووتێت." سەرۆکی میت سەردانی گۆڕی ئەحمەد کایای کرد ساڵی 2017 ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) کە ئەوکات گوتەبێژی کۆشکی کۆماری بوو، سەردانی مەزاری ئەحمەد کایای کرد و تاجەگوڵینەی دانا. کاڵن بە میدیاکانی راگەیاند: "کایا یەکێکە لەو هونەرمەندە بەتوانایانەی دڵێکی دەوڵەمەند و گەورەی هەبوو و لە خاکی ئانادۆڵ پێگەیشت. هەڵبەت لێرە چیرۆکێکی خەمناک هەیە. لە کاتێکدا کەسێکی وەک ئەو کە وڵات، نیشتمان و خاکی خۆی خۆش بوێت، بەڵام لە کۆتایی تەمەنیدا لە غوربەت کۆچی دوایی دەکات، ئەمە چیرۆکێکی زۆر خەمگینە. ئەمڕۆ وڵاتەکەی بەخێرەوە یادی دەکەنەوە." وەزیری دادی تورکیا لەبارەی ئەحمەد کایا چی گوت؟ بەکر بۆزداغ، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ساڵی 2023 کە ئەوکات وەزیری داد بوو سەردانی پارێزگای رووهای کرد و چەند کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی سازکرد. بەکر بۆزداغ کە خۆی کوردە و خانەوادەکەی لە پارێزگای یۆزگاتی تورکیا ژیاون، رووی دەمی لە خەڵکەکە کرد و رایگەیاند، ئێستا گۆرانیی کوردی لە هەموو شارەکاندا بە ئازادی دەگوترێت، "کاتێک ئەحمەد کایا گوتی گۆرانیی کوردی دەڵێم، سەیری ڤیدیۆکان بکەن و بزانن ئەوانەی ئێستا لە دەوروبەری کڵچدارئۆغڵون، چۆن پەلاماری بەڕێز کایا دەدەن و چی دەڵێن! ئێستا خەڵک دەتوانن بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و زمانەکانی دیکەش بانگەشە بکەن. ئێمە بووین ئەو بەربەستەمان نەهێشت." لەدوای ئەو شەوەوە ئەحمەد کایا ژیانی بە تەواوی تێکچوو، دادگەی تورکیا لە 30ـی نیسانی هەمان ساڵدا بە تۆمەتی ناپاكی بەرامبەر بە نیشتمان داوای 10 ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکرد. کەم رۆژنامە و کەناڵی تەلەڤیزیۆنی هەبوون کە رۆژانە بە مانشێتە تووندەکانیان هێرش نەکەنە سەر کایا و بە ناپاک ناوی نەبەن. ئیدی کایا نەیدەتوانی لە تورکیا بمێنێتەوە و بەهۆی گوشارەکانەوە، تورکیای جێهێشت. رۆژی 16ـی تشرینی دووەمی 2000 لە پاریس کۆچی دواییکرد. تەرمی ئەحمەد کایا بە ئامادەبوونی نزیکەی 30 هەزار کەس لە گۆڕستانی ناودارانی پاریس (پێر لاشێز) بە خاک سپێردرا.