رووداو دیجیتاڵ
پێشکێشکردنی دیارییەکی نائاسایی لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە بۆ سەرۆک و سەرکردەکانی وڵاتانی هاوپەیمانیی ناتۆ، چەندین حکوومەتی ئەورووپایی ناچار کردووە رێکاری ئەمنی و گومرگی بگرنەبەر. ئەم دیارییانە کە دەمانچەی جۆری (ریڤۆڵڤەر) بوون و فیشەکی راستییان لەگەڵدا بوو، دوای گەڕانەوەی سەرۆک و سەرکردەکان بۆ وڵاتەکانیان، پرسیاری یاسایی و ئەمنیی خێرایان دروست کرد.
ئەم دەمانچانە دوای کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە پێشکێش کران؛ ئامانجی ئەردۆغان لەم هەنگاوە نیشاندانی پێشکەوتنی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا بووە کە ئێستا وەک کەرەستەیەکی گرنگی هەناردەکردن و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکە دەبینرێت.
بەپێی ئەو وێنانەی لەلایەن نووسینگەی گیتاناس نائوسێدا، سەرۆکی لیتوانیاوە بڵاوکراونەتەوە، دەمانچەکان لە جۆری (Gumusay .357 Magnum)ن کە مۆدێلێکی دەگمەنی کۆمپانیای (MKE)ـی تورکییە و لە ساڵانی نەوەدەکاندا دروستکراون.
هەموو سەرکردەکانی ناتۆ هەمان مۆدێلی دەمانچەیان پێشکێش کراوە کە ناوی خۆیانی لەسەر هەڵکۆڵراوە.
هەروەها سەرچاوەیەک لە داونینگ ستریت (نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا) ئاشکرای کرد، دیارییەکەی کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کەرەستەی پاککردنەوە و 500 فیشەکی لەگەڵدا بووە، ئەمەش وایکردووە وەک کەرەستەیەکی سەربازیی راستی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت نەک تەنیا دیارییەکی رەمزی.
مامەڵەی وڵاتانی ئەورووپا لەگەڵ ئەم دیارییەدا جیاواز بوو؛ بارت دی وێڤەر، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا دوای نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانە، دەمانچەکەی رادەستی پۆلیسی فڕۆکەخانەی برۆکسل کرد بۆ ئەوەی لە شوێنێکی پارێزراو دابنرێت.
یاریدەدەرێکی کارۆل ناڤرۆتسکی، سەرۆکی پۆڵەندا بە رادیۆی (RMF FM)ـی راگەیاندووە: "دەمانچەکە لە فڕۆکەخانەی وارشۆ چاوەڕێی رێکارە گومرگییەکان دەکات و لە شوێنێکی گونجاودا دەپارێزرێت بۆ ئەوەی هەم سەلامەت بێت و هەم وەک دیارییەک رێزی لێبگیرێت، بە دڵنیاییەوە کەس تەقەی پێناکات."
هاوکات نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا و سوێد رایانگەیاند، دەمانچەکانیان ناردووە بۆ باڵیۆزخانەکانیان لە ئەنقەرە، چەکی هۆڵەندییەکە پەکدەخرێت و چەکەکەی سوێدیش چاوەڕێی رێپێدانی هاوردەکردن دەکات.
جیۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا چەکەکەی لە کۆشکی چێجی (بارەگای حکوومەت) لەگەڵ دیارییە دەوڵەتییەکانی دیکەدا هەڵگرتووە. ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپاش پلانی هەیە چەکەکەی ببەخشێتە مۆزەخانەیەکی سەربازی.
پیشەسازیی چەکی سووکی تورکیا لە دوایین دەیەدا گەشەکردنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و تورکیا بووەتە یەکێک لە هەناردەکارە سەرەکییەکانی چەک لە جیهان.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی (Small Arms Survey) لە جنێڤ، تورکیا لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2024 سێیەم گەورەترین هەناردەکاری چەکی سووک بووە لە جیهاندا و بەهای هەناردەکردنی گەیشتووەتە نزیکەی 3 ملیار دۆلار، کە لە دوای ئەمریکا و ئیتاڵیا دێت.
کارگەکانی چەکی تورکیا بەهۆی بەرهەمهێنانی چەکی هەرزانەوە کێبڕکێیەکی بەهێزی کۆمپانیا دێرینەکانی ئەورووپا (وەک کۆمپانیا بەلجیکی و ئیتاڵییەکان) دەکەن، بەڵام پێشکێشکردنی چەکی راستی لەگەڵ فیشەک وەک دیاریی دیپلۆماسی، پێشینەیەکی دەگمەنە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، چونکە پێشتر تەنیا چەکی رەمزیی بێ فیشەک یان شمشێر بووە.



