رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە شاری ئایدن، لە چوارچێوەی قەیرانی بەستنی کۆنگرەی پارتەکەیدا راگەیاند، ئەگەر دادگەی پێداچوونەوە لە دۆسیەی "پووچەڵکردنەوەی رەها"دا بڕیار دژی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپە بدات، ئەوا لە 21ـی تەممووزەوە خۆی و نزیکەی 100 پەرلەمانتار دەستپێشخەری بۆ پێکهێنانی قەوارەیەکی سیاسیی نوێ دەکەن.
لە کۆبوونەوەیەکی ئەندامانی جەهەپە لە ناوچەی کاراجاسوی سەر بە پارێزگای ئایدن، سولەیمان بولبول، پەرلەمانتاری جەهەپە رایگەیاند، سەرۆکی گشتیی پارتەکە تەنیا بە ئیرادەی رێکخستنەکان و نوێنەرانی کۆنگرە هەڵدەبژێردرێت و نابێت بە بڕیاری دادگە یان دەستوەردانی دەرەکی دیاری بکرێت.
بەپێی گوتەی ئەم پەرلەمانتارە، واژۆی 1003 نوێنەری کۆنگرە کە 833ـیان لەلایەن دادنووسەوە پەسندکراون، پێشکەشی سەرکردایەتیی گشتی کراون بۆ بەستنی کۆنگرەی نائاسایی، بەڵام سەرکردایەتیی ئێستا پرۆسەکە دوادەخات.
سولەیمان بولبول داوای کرد کە دەبێت پێش 26ـی تەممووز کۆنگرە ببەسترێت، چونکە بەپێچەوانەوە پارتەکە لە رووی یاساییەوە رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە لەبارەی ئەگەری لێکترازانی پارتەکە هۆشداری دا و رایگەیاند: "ئەگەر بڕیارەکە رەت نەکرێتەوە، دوای 21ـی تەممووز بە نزیکەی 100 پەرلەمانتارەوە دوای تاقیکردنەوەی هەموو رێگە یاساییەکان، بڕیاری پێکهێنانی قەوارەیەکی نوێ دەدەین."
ململانێی ناوخۆیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بۆ قۆناخی دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی 31ـی ئاداری 2024 دەگەڕێتەوە، کاتێک پارتەکە بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێنا، بەڵام باڵە جیاوازەکانی ناو پارتەکە، بەتایبەت لایەنگرانی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی جەهەپە، لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن و دیاریکردنی بەربژێرەکان و شەرعییەتی بڕیارەکانی پێش کۆنگرەی 38ـەمین کەوتنە ململانێی یاسایی. تۆمارکردنی دۆسیەی "پووچەڵکردنەوەی رەها" لە دادگەکانی تورکیا دژی سەرکردایەتیی دوای کۆنگرەکە، دوایین هەوڵی باڵی کەمال کلچدارئۆغڵو بوو بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە ناو پارتەکەدا، کە ئێستا گەیشتووەتە قۆناخی هەڕەشەی جیابوونەوە لە نێو پارتەکە.



