رووداو دیجیتاڵ راوێژکارێکی باڵای سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، سیستمی سەرۆکایەتی لە تورکیا پێویستی بە گەشەپێدان و چاکسازی هەیە و دەستووری نوێی وڵاتەکەش بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ کاراکردنی زیاتری سیستمەکە. ئاماژە بەوەش دەکات، دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانییان رەتکردەوە. محەممەد ئوچوم، جێگری سەرۆکی دەستەی سیاسەتە یاساییەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و راوێژکاری باڵای رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە هەشتەمین ساڵیادی جێبەجێکردنی سیستمی حکوومەتی سەرۆکایەتی لە تورکیا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا وەڵامی رەخنەگرانی سیستمەکەی دایەوە. ئوچوم لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو لایەنانەی سیستمەکە بە "کێشەدار" ناودەبەن، لایەنگری دیموکراسیی سنووردارن و دەیانەوێت ئیرادەی گەل لەژێر کۆنترۆڵدا بێت. راشیگەیاند: "دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023ـدا جارێکی دیکە متمانەیان بەم سیستمە بەخشییەوە و گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانییان رەتکردەوە." سەبارەت بە یاسای (1+50٪) بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، کە یەکێکە لە بابەتە پڕ مشتومڕەکان، راوێژکارەکەی ئەردۆغان پێیوایە ئەم یاسایە بووەتە هۆی تێکشکاندنی ئەو ململانێ و دژایەتییانەی پێشتر لە نێوان تەوژمی عەلمانی و پارێزگاراندا هەبوو، چونکە ئێستا هەموو پارتەکان ناچارن بۆ بردنەوەی دەنگەکان، سیاسەتی گشتگیر بۆ هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە دابڕێژن. باشترکردنی سیستمەکە لە دەستووری نوێدا محەممەد ئوچوم دانی بەوەدا نا، کە سیستمەکە بێ کەموکوڕی نییە و گوتی: "بێگومان سیستمی حکوومەتی سەرۆکایەتیی کۆمار هەندێ لایەنی هەیە کە پێویستە باشتر و زیاتر کارا بکرێن. دەکرێت پێشبینی ئەوە بکرێت کە لە رێگەی دەستووری نوێوە لەم بارەیەوە هەنگاوی پێشکەوتوو بنرێت." تورکیا لە گشتپرسیی 16ـی نیسانی 2017ـدا گۆڕانکاریی دەستووریی بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی پەسند کرد. سیستمەکە لە 9ـی تەممووزی 2018ـەوە بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بەردەوام رەخنە لەم سیستمە دەگرێت و بە هۆکاری کەمبوونەوەی چاودێریی پەرلەمان و چڕبوونەوەی دەسەڵاتەکان لە دەستی یەک کەسدا دەزانێت. ململانێی نێوان هاوپەیمانیی کۆمار (بە سەرۆکایەتیی ئاکپارتی) بۆ پاراستنی ئەم سیستمە و هەوڵەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ گەڕانەوە بۆ "سیستمی پەرلەمانیی بەهێزکراو"، تەوەری سەرەکیی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023 بوو کە تێیدا ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
تورکیا08-07-2026لە ئامەد هۆشداریی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و لە چوار پارێزگای دیکەی باکووری کوردستان هۆشداری بارانبارین دەدرێ