رووداو دیجیتاڵ
لە خوانی دوێنێ ئێوارەی بەشێک لە سەرکردە بەشداربووەکانی لووتکەی ناتۆ لە کۆشکی کۆماریی تورکیادا یەکێک لەو شیرینییانەی پێشکەشکرا (نوورییەی شیردار) بوو بەڵام لە لیستی شارەکاندا ئاماژە بە ناوی ئامەد نەدرابوو. محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی راگەیاند، داواکارییان بۆ بە وەرگرتنی نیشانەی جوگرافیی شیرینییەکە بەرزکردووەتەوە، بەڵام هێشتا بە فەرمی وەڵامیان نەدراوەتەوە.
لە ژەمی ئێوارەی چوارشەممە، 8-7-2026 لە لووتکەی ناتۆ کە بۆ سەرۆکی دەوڵەت و حکوومەتەکان سازکرابوو، (نوورییەی شیردار) کە شیرینییەکی تایبەت بە ئامەدی باکووری کوردستانە، پێشکەشکرا.
وێنەی سەرکردەکان؛ بەتایبەتیش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا و مارک روتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ و فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا دیارن کە شیرینییەکەی ئامەدیان لەبەردەمە و دەیخۆن.
ئەو ژەمە بۆ 32 لە سەرکردە بەشداربووەکانی وڵاتان ئامادە کرابوو. هەروەها لە نێو مینیۆی ئەو ژەمەدا وردەکاری لەبارەی خواردن و شیرینییەکان نووسرابوو و ئاماژە بەوە درابوو کە کام خواردن نیشانەی جوگرافیی کام پارێزگای هەیە.
ئەوەی بووە جێی سەرنج، ناوی ئامەد لە ناو لیستەکەدا نەبوو، لە کاتێکدا شیرینیی نوورییەی شیردار موڵکی ئامەدە.
محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری پیشەسازیی ئامەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نوورییەی شیردار شیرینییەکی تایبەت بە ئامەدە.
لەبارەی ئەوەی کە بۆچی لە لیستی خواردنی کۆشکی کۆماریی تورکیادا ئاماژە بە ئامەد نەدراوە، محەممەد کایا گوتی: "ئێمە بە فەرمی داواکاریمان پێشکەشی حکوومەت کردووە بۆ ئەوەی نوورییەی شیردار بە فەرمی وەکو شیرینییەکی ئامەد تۆمار بکرێت. بەڵگەنامەی تەواومان خستووەتەڕوو و سەلماندوومانە کە ئەو شیرینییە مۆرکی دیاربەکرە. شێفی زۆر بە توانامان هەن کە ئەو شیرینییە ئامادە دەکەن. رێکارەکان بۆ تۆمارکردنی شیرینییەکە دەستیان پێکراوە، بەڵام هێشتا وەڵامیان نەداوەتەوە. بە ئەگەرێکی زۆر ئەمە هۆکارە کە بە فەرمی ناوی شارەکەمانیان نەنووسیوە."
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد ئاماژەی بەوەدا شاری دیکەش هەبوون دەیانویست ئەو شیرینییە وەکو بەرهەمی خۆیان بناسێنن، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار لە ئامەدەوە بەڵگەی تەواو و بیانووبڕی ئامادە و پێشکەشکرد کە ئەمە وایکرد شارەکانی دیکە پاشەکشە بکەن.
کایا هەروەها گوتی: "ستافی ئێمە بەردەوامن لە کۆکردنەوەی بەڵگە و دۆکیومێنتی پێویست و هەوڵی وەرگرتنی نیشانەی جوگرافیی بۆ شیرینیی نوورییەی شیردار زۆر جددییە. بێگومان لەسەرمانە بە بەڵگەی مێژوویی و پیشەیی بیسەلمێنین کە ئەو شیرینییە تایبەتە بە ئامەد. ئێستا ئێمە کار لەسەر ئەمە دەکەین و بەردەوامین لە کۆکردنەوە و پێشکەشکردنی بەڵگە."
نوورییەی شیردار
بە کوردی نوورییەی شیردار و بە تورکی (سوتلو نووریە)ی پێدەڵێن، شێوەکەی لە پاقلاوەی کلاسیک دەچێت، بەڵام لە شیلەکەیدا شیر بەکاردەهێنرێت.
بەهۆی شیرەکەوە رەنگەکەی کاڵترە و بەراورد بە پاقلاوەی کلاسیک، تامێکی سووکتری هەیە.
بە هەویری تەنکی پاقلاوە ئامادە دەکرێت. بە گشتی بندوق، گوێز یان بادەمی تێدەکرێت. شیلەکەی لە ئاو، شەکر و شیر دروست دەکرێت، هەر بۆیە شێوەیەکی سپیباو و بریقەداری هەیە.



.jpg&w=3840&q=75)