پێشبینی دەکرێ ئەو شەپۆلی گەرمایەی لە سەرەتای تەمموزەوە ئامەدی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە، کاریگەرتر بێت و پسپۆڕان داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن، ئەمڕۆ، سبەی و دووسبەی هەتا بۆیان دەکرێ نەڕۆنە دەرەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی ناوچەی 15 (باکووری کوردستان) بڵاوکراونەتەوە، پلەی گەرما لە ئامەد گەیشتووەتە 39 پلەی سیلیزی و پێشبینیی گەیشتنی بە 44 پلە دەکرێ.
لەگەڵ هاتنی تەمموز، شەپۆلێکی گەرما ئامەدی باکووری کوردستانی گرتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی زووتر بڵاویکردەوە کە ئەو شەپۆلە لە 10 رۆژی یەکەمی تەمموزدا کاریگەر دەبێت.
لەم چەند رۆژەدا هاونیشتمانییان بەهۆی گەرمای تاقەتپڕووکێنەوە روو لە پارک و ناوچە فێنکەکان دەکەن؛ بەو هۆیەشەوە لە کاتەکانی نیوەڕۆدا شەقام و کۆڵانەکانی ئامەد چۆڵ دەبن.
هەندێک لەو هاونیشتمانییانەی کە سەرەڕای گەرماکە ناچار بوون بچنە دەرەوە، بە رشتنی ئاوی نێو بوتڵە پلاستیکییەکان بە سەریاندا، هەوڵ دەدەن خۆیان فێنک بکەنەوە.
منداڵانیش بۆ فێنکبوونەوە دەڕۆنە نێو حەوزەکانی ئاو، یانیش دەڕۆنە ناو رووبارەکان و مەلە دەکەن.
دەزگای کەشناسی پێشبینی دەکات ئەو شەپۆلە سێ رۆژی دیکەش بخایەنێت و ئامەدی باکووری کوردستان رۆژی 11ی مانگ، ئینجا بەرەو ئاسایی بوونەوە بچێت.
لە رۆژانی یەکەمی تەمموزدا پلەی گەرما لەنێوان 39-41 پلەدا بوو، بەڵام لە رۆژی هەشتی تەممووزەوە کاریگەریی شەپۆلی گەرماکە زیاد دەکات و پێشبینی دەکرێ بگاتە 44 و زیاتریش. هەروەها لە شەواندا لەنێوان 20 بۆ 24 پلە بێت.
شارەزایان هۆشداری دەدەن، بەتایبەتی لە رۆژانی هەشت بۆ 10ی تەممووز (چوارشەممە، پێنجشەممە و هەینی) لە کاتەکانی نیوەڕۆدا هاونیشتمانییان نەڕۆنە دەرەوە، شلەمەنی زۆر بخۆنەوە و بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەبەر تیشکی خۆر نەمێننەوە.
لە چوار پارێزگای دیکەی باکووری کوردستان هۆشداریی بارانی دەدرێ

هەمان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی، راپۆرتی کەشوهەوای بۆ رۆژی چوارشەممە بۆ چەندپارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان بڵاوکردەوە و هۆشداریی شەپۆلێکی باران بارینی داوە.
پێشبینیی کردووە لە پارێزگاکانی قەرس، ئەردەخان، ئیدر و ئاگری بارانی بەخوڕ ببارێ و پلەی گەرما بە گشتی لە ئاستی ئاساییدا بێت.
کەشناسی هەروەها داوا لە هاونیشتمانیان دەکات، ئاگاداری خۆیان بن و لە ئەگەری باران و لافاودا رێ و شوێن بگرنە بەر.
.jpg&w=3840&q=75)


