رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی لە هەوڵی باشکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێرانە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە 07-07-2026 لە کۆشکی کۆماریی تورکیا پێشوازی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد کە بە سەردانێکی فەرمی لە ئەنقەرەیە.
سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە 36ـەمین لووتکەی سەرکردەکانی ئەندام لە ناتۆ لە ئەنقەرەیە و بەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا قسەی بۆ دەزگاکانی میدیا کرد.
لەو کۆنفرانسەدا ئەردۆغان سەردانەکەی ترەمپی بە گرنگ ناوبرد و گوتی، "بەڕێوەچوونی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ئەنقەرە و کۆبوونەوەی سەرجەم سەرکردەکان لە وڵاتەکەمان، هەروەها کۆبوونەوەمان لەگەڵ هاوڕێی بەڕێزم ترەمپ، هێزێکی زیاترمان پێدەبەخشێت."
دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێک لەبارەی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەردۆغان گوتی، "ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین کە چۆن پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران بگەیەنینە ئاستێکی رێکوپێک. بۆ ئەوەی رۆڵمان لە ئاشتیی جیهانیدا هەبێت، خۆم و هاوڕێکانم، پێکەوە کار دەکەین و لەسەر کارکردن بەردەوامین، بەتایبەتی لەبارەی غەززە لەگەڵ دۆستی رێزدارم گفتوگۆ دەکەم."
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "بۆ چەسپاندنی ئاشتی لەم ناوچەیەدا، گرنگییەکی زۆر بەم لووتکەیەی سەرکردەکان دەدەین و بە هەمان شێوە چاوەڕوانین بڕیارێکی باشی لێ بکەوێتەوە. پرسی F-35 بۆ ئێمە بابەتێکی نوێ نییە؛ پێشتریش ئەمەمان لەگەڵ ئەمریکا تاوتوێ کردووە. بەڵێنی پێنج فڕۆکەیشمان وەرگرتووە. لەم پرسەدا بەڵێنی تایبەتیی بەڕێز ترەمپ هەیە. دەزانم لەو کۆبوونەوەیەی لەگەڵ سەرکردەکان سازی دەکەین، ئەو بەڵێنەی پێشتر وەرمانگرتبوو، بە شێوەیەکی ئەرێنی تاقی دەکەینەوە.لەم بابەتەدا بەڕێز ترەمپ هەمیشە بەڵێنەکانی دەباتە سەر. بڕوام وایە لەو لووتکەیەوە بڕیاری خێردار دەردەچن."
پێشێلکارییەکانی ئاگربەست لە غەززە
لە وەڵامی پرسیارێکی تایبەت بە دۆخی غەززە و پێشێلکردنی ئاگربەست، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند:"بێگومان لەگەڵ دۆستی بەڕێزم قسە لەبارەی غەززە دەکەین. لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا زۆر گرنگی بەم لووتکەیە دەدەین. گەشبینم کە لەم لووتکەیە بڕیارێکی باش دەربچێت."
ئەردۆغان: ترەمپ هەمیشە لەسەر بەڵێنەکانی دەوەستێت
دۆسیەی فڕۆکەی F-35 و بزوێنەری فڕۆکەی جەنگیی کائان، ئەردۆغان گوتی، "بابەتی F-35 بۆ ئێمە نوێ نییە. پێشتر لەگەڵ ئەمریکا قسەمان لەسەر کردووە. ئێمە بەڵێنی وەرگرتنی پێنج فڕۆکەمان وەرگرتووە. بەڕێز ترەمپ لەو بارەیەوە بەڵێنی پێداوین. ئەو هەمیشە لەسەر بەڵێنەکانی دەوەستێت. بڕوام وایە لەم لووتکەیەدا بڕیاری خێر دەدرێت."
جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا
لەبارەی رۆڵی نێوەندگیریی تورکیا لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، ئەردۆغان رایگەیاند، "ئێمە پێشهاتەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لەگەڵ دۆستی بەڕێزم لێرە تاوتوێ دەکەین و بەگوێرەی ئەوە هەنگاو دەنێین."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە سەبارەت بە بزوێنەری فڕۆکەی کائان چاوەڕوانی مژدەیەکە و گوتی، "بڕوام وایە ئەو مژدەیەی پێشتر پێیداوین، لێرەش دووپاتی دەکاتەوە."
لەو دیدارەدا هەریەک لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە؛ محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی؛ یاشار گولەر، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) یاوەری ئەردۆغان بوون.
دوای کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە، ئەردۆغان و ترەمپ کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان سازکرد.
دواتر کۆبوونەوەی نێوان شاندەکانی هەردوو وڵات بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان و ترەمپ بەڕێوەچوو کە تێیدا ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی هەردوولا بەشدار بوون.
دوای 17 ساڵ سەرۆکی ئەمریکا سەردانی تورکیای کرد
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، "لەبەر ئەو رێزەی بۆ سەرۆککۆمار ئەردۆغان هەمە، دەچمە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە."
ترەمپ دوای 17 ساڵ بووە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە سەردانی تورکیا بکات، دوای ئەوەی دوایین جار باراک ئۆباما لە نیسانی 2009دا سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو.



